کوردپرێس- ناوچه کوردنشینه‌کانی سووریا پاش سه‌رهه‌ڵدانی داعش له عێراق و سووریا بوووه یه‌ک له ته‌وه‌ره هه‌ره‌گرینگه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ڕووسیا وه‌کوو زلهێزێک ئیزنی دا یه‌که‌م نووسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی کوردی سووریا یان با بڵێین پارتی یه‌کێتیی دیموکراتی کوردی سووریا ناسراو به PYD له مۆسکۆ بکرێته‌وه که ئه‌و پارته‌ش ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های هه‌یه له ناوچه کوردنشینه‌کانی سووریا. ئه‌مه‌ریکاش که بۆ بیانوویێک ده‌گه‌ڕا بۆ ئه‌وه‌ی ته‌داخول له قه‌یرانی سووریا بکات ڕووی کرده پشتگیری کردنی کورد له باری سه‌ربازییه‌وه. کورده‌کانیش به پشتگیریی سه‌ربازیی هاوپه‌یمانیی دژه‌داعش به سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌مریکا توانییان نزیکه‌ی سه‌دا 30ی خاکی سووریا کۆنتڕۆڵ بکه‌ن که هه‌موویان ناوچه‌ی کوردنشینن به‌ڵام ڕووداوه‌کانی پاشتر و به تایبه‌ت هێرشی تورکیا بۆ عه‌فرین و ڕێککه‌وتنی ئه‌مه‌ریکا و تورکیا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگای مه‌نبه‌ج و کشانه‌وه‌ی هێزی کورد له‌و شاره ده‌نگۆی خه‌یانه‌ت کردنی زلهێزه‌کان به کورد بڵاو بوویه‌وه. پاش دامڕکانی ئاگری شه‌ڕی داعش له سووریا و سه‌رکه‌وتنی ئه‌م دواییه‌ی ده‌وڵه‌تی دیمه‌شق له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی سه‌ربزێوانی سووری، ئاینده‌ی کورد بوووه ته‌وه‌رێکی هه‌ره‌گرینگ و نادیاری ئه‌و وڵاته و هه‌ر دوو لایه‌ن ئاماده‌یییان ڕاگه‌یاندوووه بۆ گفتوگۆ کردن به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر ده‌ستی شاراوه و لایه‌نی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی له قه‌یرانی سووریا ته‌داخول ده‌که‌ن پێشبینی کردنی داهاتووی کورد و به گشتی ئه‌و وڵاته زه‌حمه‌ته.
ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس له‌به‌ر ڕۆشناییی ئه‌و مه‌وزووعانه و ڕوون کردنه‌وه‌ی داهاتووی کوردی سووریا زنجیره دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ چاودێرانی سیاسی و خاوه‌ن بیرانی سیاسه‌تی سووریا ئه‌نجام داوه. ئه‌مجاره‌شیان کوردپرێس چه‌ند پرسیارێکی له دوکتۆر جۆردی ته‌جه‌ل کردوووه که مامۆستای کۆلێژی مێژوووه له زانکۆی نۆشاتلی سویسرا و پێش 7 ساڵ تێزی دوکتۆرییه‌که‌ی له‌سه‌ر دۆخی کوردی سووریا نووسیوه. ناوبراو خاوه‌ن بیرێکی لێهاتووی سیاسه‌تی کوردی سووریایه و ده‌ڵێت ناتوانێت به ڕوونی ئاینده‌ی سووریا پێشبینی بکات به‌ڵام پێده‌چێت کورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند ڕێکبکه‌وێت و حیزبی کوردیی PYD له به‌رانبه‌ر پارێزگاری کردن له هه‌ژموونی و ده‌سه‌ڵاتی خۆی له باکووری سووریا کۆنتڕۆڵی ناوچه کوردنشینه‌کان ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند بکات.
ناوبراو بڕواشی وایه هه‌ندێک پرسی سه‌ربازی و ستراتێژییانه‌ی گشتی له نێوان PKK و هێزی سه‌ربازی و سیاسیی کورد له سووریا هه‌یه که سه‌ره‌کیترینیان PYDه‌یه.
ده‌قی دیمانه‌که لێره بخوێنه‌ره‌وه:
کوردپرێس: چ کوردی سووریا و چ ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ئاماده‌یییان ڕاگه‌یاندوووه بۆ گفتوگۆ کردن له‌سه‌ر چاره‌نووسی ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد. به ڕای به‌ڕێزتان ئه‌و دوو لایه‌نه ده‌توانن بگه‌نه ڕێكکه‌وتنێکی ئاشتییانه له‌وباره‌یه‌وه؟ ئایا کورد له ڕێگای ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌وه ده‌ستی به خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ده‌گات؟
دوکتۆر جۆردی ته‌جه‌ل: ئێستا زوووه له‌سه‌ر کۆتاییی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌کان له سووریا یان دۆخی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌د قسه بکه‌ین ئه‌گه‌رچی پێده‌چێت ده‌وڵه‌تی سووریا براوه‌ی شه‌ڕی سه‌ربزێوه‌کان بن به‌ڵام تا ئێستاش ئه‌نجامی کۆتایی دیار نییه. ئایا ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌توانێت هه‌موو ناوچه‌کانی سووریا کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه؟ سێ وڵاتی ئه‌فغانستان و عێراق و لوبنان نموونه‌ن بۆ ئه‌و پرسیاره که پێمان ده‌ڵێن ده‌وڵه‌ته‌کان ده‌کرێت بمێننه‌وه به‌ڵام ئیلزام نییه کۆنتڕۆڵی هه‌موو ناوچه‌کانی وڵاته‌که‌یان به‌ده‌سته‌وه بێت به‌و حاڵه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌یه پارتی دیموکراتیکی کوردی سووریا یان PYD مل به‌وه بدات که تا ڕاده‌یێک کۆنتڕۆڵ و ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ر ناوچه کوردنشینه‌کاندا که‌م ببێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی و ده‌سه‌ڵاته ناحکوومییه‌که‌ی له باکووری سووریا بپارێزێت.
کوردپرێس: هه‌ندێک له چاودێره سیاسییه‌کان بڕوایان وایه ئه‌مه‌ریکا و ڕووسیا خه‌یانه‌تیان به کورد کرد ئه‌گینا دۆخه‌که جۆرێکی‌تر ده‌بوو. ئه‌و چاودێرانه ئاماژه به عه‌فرین و مه‌نبه‌ج ده‌که‌ن که به وته‌ی ئه‌وان ئه‌مه‌ریکا و ڕووسیا دژی کورد له‌گه‌ڵ تورکیا ڕێککه‌وتن.
دوکتۆر جۆردی ته‌جه‌ل: ئه‌وا تا ڕاده‌یێک ڕاسته. ده‌کرێت بڵێین ئه‌مه‌ریکا و ڕووسیا خه‌یانه‌تیان به کورد کرد. ئه‌و دوو زلهێزه ئێستا له سووریا خه‌ریکی شه‌ڕی نیابین و ئه‌گه‌ر هه‌یه له داهاتوودا پێویستیان به کورد هه‌بێت. له‌باره‌ی ئه‌مه‌ریکا و ڕێککه‌وتنه‌که‌ی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگای مه‌نبه‌ج له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌ندێک ئاڵۆزی هه‌یه و ئامانجه‌کان ڕوون نیین به‌ڵام جووڵه و قووڵاییی گۆڕانکارییه‌کان له ساحه‌ی سیاسی‌دا دژبه‌یه‌کن و پێده‌چێت تورکیا و ڕووسیا پێگه‌ی خۆیان له ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتی سووریا پته‌وتر بکه‌ن و ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه ڕۆژئاوایییه‌کانی به تایبه‌ت فه‌ڕه‌نسا هیوای ئه‌وه‌یان هه‌یه ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات له ژێر ده‌سه‌ڵاتیاندا بمێنێته‌وه.
کوردپرێس: تورکیا درکاندوویه‌تی که به‌نیازه ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی YPG له سووریا و PKK له عێراق داگیر بکات ئایا ئه‌وه‌ی پێ ده‌کرێت؟
دوکتۆر جۆردی ته‌جه‌ل: ئه‌ردۆغان له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی تورکیا ده‌ستی دایه ئۆپه‌راسیۆنێکی تایبه‌تی دژ به PKK له باکووری عێراق به‌ڵام گرتنی قه‌ندیل ئه‌وه‌ش له ماوه‌ی سێ هه‌فته‌دا هه‌رگیز به ئه‌ردۆغان جێبه‌جێ نه‌ده‌کرا. له‌باره‌ی ناوچه کوردنشینه‌کانی سووریاشه‌وه به تایبه‌ت کانتۆنی جزیره من بڕوام وایه تورکیا ئاماده نییه دژ به هێزی ئه‌مه‌ریکیی جێگیرکراو له‌و ناوچه‌یه هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی بکات.
کوردپرێس: سه‌رکه‌وتنی ئه‌ردۆغان له هه‌ڵبژاردنی تورکیا چ شوێندانه‌رییێکی ده‌بێت له‌سه‌ر پرسی کوردی سووریا و تورکیا؟
دوکتۆر جۆردی ته‌جه‌ل: ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان فه‌شه‌لی هێنابا ده‌کرا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بکه‌ین که ناکۆکیی له‌گه‌ڵ حیزبی کوردیی یه‌کێتیی دیموکراتیک یان PYD که‌م بکاته‌وه به‌و حاڵه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر له‌کارلادان و ده‌رکردنی کادیره پله‌به‌رزه‌کانی سوپای تورکیا له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه به‌رده‌وام بێت ڕه‌نگه گۆڕانکاری ببینین له ستراتێژییه‌تی ئه‌ردۆغان به‌رانبه‌ر به کوردی سووریا و تورکیا.
کوردپرێس: به‌ڕێزتان کاری زۆرتان له‌سه‌ر پرسی کورد کردوووه. به ڕای ئێوه هیچ پێوه‌ندی له نێوان PKK و PYD هه‌یه؟
دوکتۆر جۆردی ته‌جه‌ل: به ڕای من ده‌بێت له پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا ئاسته جۆربه‌جۆره‌کان جیا بکه‌ینه‌وه. له ئاستی خۆجێییدا PKK به هیچ له‌وه‌نێک ده‌ستوه‌ردان له کاروباری ڕۆژئاوا یان ناوچه کوردنشینه‌کان ناکات. که‌شی خۆسه‌ر و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر له هه‌ندێک ئاستی ژیانی ڕۆژانه‌دا ده‌بینرێت به‌ڵام له‌باره‌ی هه‌موو پرسه ستراتێژی و سه‌ربازییه‌کاندا پێوه‌ندی ده‌بینرێت له نێوان PKK و کوردی سووریا. بۆ شێوازی چالاکی نواندنی PKK له سووریا و ناوچه‌که ده‌کرێت ئه‌و ڕێکخراوه له‌گه‌ڵ حیزبوڵڵای لوبنان قیاس بکه‌ین. ناوه‌ڕۆکی چالاکی و ئه‌ندام‌گیریی PKK له نێوخۆی ناوچه کوردنشینه‌کانی تورکیایه به‌ڵام له 2002 به‌ملاوه ده‌ستی کردوووه به وه‌رگرتنی ئه‌ندام و چالاکی له ناوچه‌که‌دا. PKK ئه‌مڕۆکه له تورکیا، عێراق و سووریا هه‌ژموونی و ده‌سه‌ڵاتێکی تایبه‌تی هه‌یه. چالاکی نواندنی PKK له ناوچه‌که وای کردوووه حیزب و لق و پۆی سه‌ر به‌و ڕێکخراوه‌یه له ڕوانگه‌ی ڕووسیا، ئه‌مریکا، فه‌ڕه‌نسا و چه‌ند وڵاتی دیکه‌شه‌وه وه‌کوو ده‌ورگێڕێکی هه‌ره‌گرینگ ده‌ربکه‌ون هه‌ر بۆیه‌ش له ناوچه‌ی غه‌یر کوردنشینیشدا توانیویانه وه‌کوو سووریا ته‌داخول بکه‌ن.
کوردپرێس: به بڕوای به‌ڕێزتان ئه‌مه‌ریکا و ڕووسیا به‌مزوووانه سووریا چۆڵ ده‌که‌ن؟
دوکتۆر جۆردی ته‌جه‌ل: وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش ئاسان نییه. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د دیسان ده‌سه‌ڵات به ته‌واوه‌تی بگرێته‌وه ده‌ست پێده‌چێت ڕووسیا ده‌سه‌ڵاتی خۆی له سووریا که‌م بکاته‌وه به‌ڵام به ته‌واوه‌تی ئه‌و وڵاته به‌جێی ناهێڵێت. له‌باره‌ی ئه‌مریکاشه‌وه پێچه‌وانه‌ی ڕووسیا ئه‌نجام و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی واشنتۆن پێشبینی ناکرێت لێره‌دا کێشه ته‌نها کێشه‌ی سه‌ربازی نییه به‌ڵکوو کێشه نه‌بوونی نه‌خشه‌ڕێگایێکی شه‌فافه له‌باره‌ی سووریاوه. ڕووسیا پشتگیریی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌کات به‌ڵام دیار نییه تێڕوانینی ده‌وڵه‌تی تره‌مپ سه‌باره‌ت به داهاتووی سووریا چییه.
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: سروور خدری
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment