به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 22ی تهمووز ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره‌ی باشووری عێراق و ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت له دوای كۆبوونهوهیێكی نائاساییدا، داوایێكی به‌فه‌رمی بۆ حكوومه‌تی عێراق به‌رز كرده‌وه و تیایدا داوای به‌هه‌رێم كردنی به‌سره‌ی دووپات كردوووه‌ته‌وه.
له دوای 2003 و ڕزگار كردنی عێراق له ده‌سه‌ڵاتی رژێمه‌وه تا ئێسته هه‌ریه‌ک له پارێزگای به‌سره و پارێزگاكانیتری عێراق رووبه‌رووی بێباكییێكی كوشنده بوونه‌ته‌وه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته یه‌ک له دوای یه‌كه‌كانی عێراقی نوێ به جۆرێک هیچ خزمهتگوزارییێكیان بۆ نه‌كراوه و سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته‌كه‌ش بوووه‌ته قوربانیی گه‌نده‌ڵی حزبه سیاسییه‌كان.
زیاتر له دوو هه‌فته‌یه هاووڵاتییانی به‌سره به‌هۆی نه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه و وزه‌ی كاره‌با هاتوونه‌ته سه‌ر شه‌قام و ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و له به‌رامبه‌ردا حكوومه‌تی به‌غدا له‌بری جێبه‌جێ كردنی داواكانیان به ئاگر و ئاسن ڕووبه‌روویان بوووه‌ته‌وه و تا ئێسته ژماره‌یێكی به‌رچاوی خۆپیشانده‌ران كوژراو و بریندار بوون.
له‌باره‌ی داوای به‌هه‌رێمكردنی پارێزگای به‌سره‌وه، وه‌لید گه‌یتان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره به‌وه‌كاله‌ت له دوای كۆبوونه‌وه نائاسایییه‌كه‌ی ئهنجومهنهكهیانهوه ڕایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 23ی تهمووز داواكه‌مان ده‌گه‌یێنینه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ دامه‌زراندنی هه‌رێمی به‌سره".
گه‌یتان له كۆنگرهیێكی ڕۆژنامه‌وانیدا دووپاتی كرده‌وه 15 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان ئیمزایان له‌سه‌ر داوای به‌هه‌رێمكردنی پارێزگای به‌سره كردوووه، له كاتێكدا به گوێره‌ی یاسا دامه‌زراندنی هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ ئیمزای 12 ئه‌ندامی پێویسته.
هه‌روه‌ها گوتیشی: له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا داوایێكیش ئاراسته‌ی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق ده‌كه‌ن بۆ دیاری كردنی كاتێک به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی راگه‌یاندنی دامه‌زراندنی هه‌رێمی به‌سره.
سه‌رچاوه: باس نیووز
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment