دادگای فەڕەنسا بڕیارێکی بۆ گێڕانەوە ملیۆنان دۆلاری بلۆککراوی عێراق دەرکرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دادگای فەڕەنسا لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق بڕیارێکی یەکلایی کردەوە و بڕیاری کۆتاییی دا سەبارەت بە لابردنی بڕیاری بلۆککردن لەسەر ملیۆنان دۆلار لە پارەی بلۆککراوی سەردەمی ڕژێمی سەدام حسێن.

کوردپرێس:

وەزارەتی دادی عێراق ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیێکدا بڵاوی کردەوە، لە دادگای فەڕەنساوە حوکمی کۆتایی بەدەست گەیشتووە بە لابردنی بڕیاری بلۆککردن لەسەر ئەو پارانە تایبەت بە بانکی ناوەندیی عێراق کە لە بانکەکانی فەڕەنسادا لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێندا بلۆک کرابوون.

وەزارەتی دادی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکەوە دەرچووە و لە بەرژەوەندیی حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندییە، کە هەریەکە لە دادگای باڵای فەڕەنسا و دادگای پێداچوونەوەی پاریس بڕیاری لابردنی حجز و بلۆککردنیان لابردووە لەسەر پارەکانی عێراقی ناو بانکەکانی فەڕەنسا کە بڕەکەی نزیکەی ٢٧ ملیۆن دۆلارە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو داوایە تایبەت بووە بە پارە بلۆککراوەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٠دا کە هێشتا دەسەڵاتی سەدام حسێن لەکاردابووە.

وەزارەتی دادی عێراق ڕوونیکردووەتەوە، ئەو داوایە لەسەر بانکی ناوەندی عێراق لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە تۆمارکراوە، کە گوایە زیانیان کردووە و داوای دانانی نیشانەی مامەڵەنەکردنیان کردبوو لەسەر پارەکانی عێراق لە بانکەکانی فەڕەنسادا لەوکاتەدا.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر دادگای فەڕەنسا داوایێکی بۆ لابردنی حجز لەسەر یەختێکی تایبەت بە سەدام حسێن سەرۆکی پێشووی عێراق ڕەت کردەوە، کە حکوومەتی عێراق دەیویست بیگێڕێتەوە بۆ خۆی، چوونکە نەیتوانیبوو خاوەندارێتیی یەختەکە ساغ بکاتەوە.

News Code 16767

Your Comment

You are replying to: .
captcha