ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان مه‌شرووعییه‌ت‌پێدان بوو به‌ ساخته‌کارییه‌کان

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- زمناکو جه‌لال به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ کوردپرێسی وتوووه‌: ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان ته‌نها مه‌شرووعییه‌ت‌پێدان بوو به‌ ته‌زویر و ساخته‌کاریی گه‌وره‌ که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری په‌رله‌مانی عێراقدا کرا.

کوردپرێس- ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌سه‌ر یاسای په‌سه‌ندکراوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پشتڕاست کرانه‌وه‌ی یاساکه‌ له‌لایه‌ن دادگه‌ی فیدڕاڵی ئه‌و وڵاته‌وه‌ له‌ پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان و که‌رکووک کۆتایی پێهات. ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان نه‌ک هه‌ر ناڕه‌زایییه‌کانی که‌م نه‌کرده‌وه‌ به‌ڵکوو ده‌نگی ناڕه‌زایی پاش ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان زیادی کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕانکاری له‌ ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کاندا له‌ که‌رکووک و سێ پارێزگاکه‌ی هه‌رێم ڕووی نه‌دا.

لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان (گۆڕان، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ، بزووتنه‌وه‌، حیزبی کۆمۆنیست و هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری) پاش ده‌رچوونی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق زیاترین هه‌وڵیان دا بۆ په‌سه‌ند کرانی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان به‌ڵام پاش ته‌واو بوونی پڕۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان دیسان ده‌نگی ناڕه‌زایییان هه‌ڵبڕی.

زمناکو جه‌لال به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی تێبینیی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌ سلێمانی و دیکه‌ی پارێزگاکانی هه‌رێم به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وت: تێبینیی گۆڕان و لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان ئه‌وه‌ بوو که‌ هه‌ژمار کردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و یاسایه‌ بوو که‌ په‌رله‌مان ده‌ریکرد. ئێمه‌ و ئه‌و لایه‌نه‌ ناڕازییانه‌ش کاتێک له‌ په‌رله‌مان یاساکه‌مان ده‌رکرد داوامان کرد هه‌موو سندۆقه‌کان بژمێردرێنه‌وه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ پارێزگایێکی وه‌کوو سلێمانی له‌ کۆی 3 هه‌زار و 140 سندۆق ته‌نها 188 سندۆق ژمێردراوه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش به‌ نیوه‌چڵ و که‌موکورتی که‌ له‌ کۆتاییدا 150 سندۆق ژمێردران.

ناوبراو زیادی کرد: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش جیاوازیی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی ئه‌لیکترۆنی و ئه‌نجامی ده‌ستی هه‌بوو ئه‌وه‌ش بۆ خۆی ده‌لیله‌ که‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ته‌زویری تێدا کراوه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌و جیاکردنه‌وه‌ جوزئییه‌ هیچ له‌ مه‌سئه‌له‌که‌ ناگۆڕێت به‌ڵکوو ته‌نها درێژه‌پێدانه‌ به‌و ساخته‌کارییانه‌ی که‌ کراوه‌.

زمناکو جه‌لال سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی کۆی ده‌نگه‌کان له‌ سلێمانی و هه‌ولێر و که‌رکووک به‌ کوردپرێسی وت: ژماردنه‌وه‌ی جوزئیی ئه‌و ده‌نگانه‌ هیچ گۆڕانکارییێک له‌ ئه‌نجامه‌کاندا ناکات و ته‌نها شه‌رعییه‌ت‌پێدانه‌ به‌و پڕۆسه‌یه‌ی له‌ ماوه‌ی پێشوودا ڕووی دا.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی حیزبه‌که‌ی پاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی کۆتایی به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وت: ئێمه‌ بایکۆتی عه‌مه‌لیمان کردوووه‌ له‌ سلێمانی بۆیه‌ جارێکی‌تریش له‌ مه‌حکه‌مه‌ی ئیتیحادی تانه‌ له‌و بابه‌ته‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌.

زمناکو جه‌لال له‌باره‌ی کارتێکه‌ریی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق یان ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران گوتیشی: له‌ هه‌موو پێشهاتێکدا قسه‌ی سیاسیی تایبه‌ت به‌ خۆی ده‌کرێت. ئێمه‌ سه‌رکردایه‌تییێکمان هه‌یه‌ که‌ هه‌ر کاتێک پێویست بوو کۆبوونه‌وه‌ ده‌کات و هه‌ڵوێستی خۆی له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یێنێت.

ناوبراو هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ڕه‌ت کرده‌وه‌ که‌ ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی له‌ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کانی دابوو که‌ گوایه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ هه‌وڵیان داوه‌ ده‌نگه‌کانی یه‌کێتی بگۆڕن.

زمناکو جه‌لال ئه‌و تۆمه‌ته‌ی به‌ گاڵته‌جاڕ وه‌سف کرد و ئه‌و په‌نده‌ کوردییه‌ی هێنایه‌وه‌ که‌ "دز ئازا بوو و ساحب ماڵی گرت".

به‌ بڕوای ناوبراو یه‌کێتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌رعییه‌ت به‌ ساخته‌کاری بدات گوتوویه‌تی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان ده‌ستکاریی ده‌نگه‌کانیان کردوووه‌ ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ ئێمه‌ له‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کاندا نه‌ مه‌وه‌زه‌فێکمان هه‌یه‌ نه‌ چاودێرێکمان هه‌یه‌.

پێشتر باس له‌وه‌ کرابوو که‌ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان بۆ ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان دیاری کرابوون و ئه‌و دادوه‌رانه‌ش چاودێریی پڕۆسه‌که‌یان ده‌کرد له‌ به‌غداوه‌ ڕاسپێردراون و هیچ نزیکییێکیان له‌ پارتی یان یه‌کێتی نه‌بوووه‌ به‌ڵام لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان به‌وه‌ش ڕازی نه‌بوون ناوبراو هۆکاری ناڕه‌زایییه‌که‌ بۆ کوردپرێس ده‌خاته‌ ڕوو و ده‌ڵێت: له‌ هه‌موو عاله‌م کاتێک ده‌نگێک له‌ هه‌ڵبژاردندا جیا ده‌کرێته‌وه‌ ده‌بێت ده‌نگه‌که‌ پیشان بدرێت و بوترێت ئه‌م ده‌نگه‌ بۆ فلان لایه‌ن ڕۆیشتوووه‌. له‌ ژووره‌وه‌ 120 که‌سیش کار ده‌کات و ده‌نگ جیا ده‌کاته‌وه‌ و له‌ یه‌ک کاتدا 30 سندۆق جیا ده‌کرێته‌وه‌. ڕێگه‌ ده‌ده‌ن هه‌ر حیزبێک دوو که‌سی بچێته‌ ژووره‌وه‌ و له‌ دووری 15 مه‌تره‌وه‌ چاودێری بکه‌ن. دیاره‌ له‌ 15 مه‌تره‌وه‌ به‌ دووربینیش ده‌نگه‌که‌ نابینرێت بۆیه‌ ئه‌وه‌ش ئیعتیباری نامێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و نوێنه‌ره‌ی له‌ ژووره‌وه‌یه‌ نازانێت ده‌نگه‌که‌ به‌ کێ دراوه‌. سه‌به‌ب ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ و ئێمه‌ داوامان کردوووه‌ چاومان له‌ ده‌نگه‌که‌ بێت و به‌ ئاشکرا بڵێن ئه‌و ده‌نگه‌ به‌ کێ دراوه‌. ته‌نانه‌ت ئێمه‌ به‌ جیا کردنه‌وه‌ی به‌شێکی که‌م له‌ سندۆقه‌کانیش ڕازی بووین به‌ڵام ڕێگه‌یان نه‌داین سه‌یری ده‌نگه‌کان بکه‌ین.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16720

Your Comment

You are replying to: .
captcha