مه‌لا به‌ختيار: يه‌كێتى و پارتى به‌ هاوبه‌شى و به‌ یه‌ک كارنامه‌ ده‌چنه‌ به‌غدا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسیی يه‌كێتیى نيشتيمانیی كوردستان ده‌ڵێت: يه‌كێتى و پارتى ليژنه‌يێكى هاوبه‌شيان دروست كردوووه‌ و ئه‌م هه‌فته‌يه‌ كارنامه‌يێک ئاماده‌ ده‌كات و مه‌كته‌بى سياسیی هه‌ر دوو لاش له‌ باره‌يه‌وه‌ كۆ ده‌بنه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌لا به‌ختیار دواى به‌شداری كردنى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆک كۆمارى عێراق له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراق گوتى: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌موو لايه‌نه‌كان وه‌ک قۆناغێكى نوێ سه‌يرى عێراقيان ده‌كرد و باس له‌ خۆپيشاندانه‌كانى باشوورى عێراق و ئه‌نجامه‌كانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 12ی ئايار خرانه ‌ڕوو."

ناوبراو وتیشی: "هێشتا نه‌ زۆرينه‌ى شيعه‌ و نه‌ زۆرينه‌ى سوننه‌ رێکنه‌كه‌وتوون و ته‌نيا كورد زۆرينه‌ى كورسييه‌كانى كه‌ پارتى و يه‌كێتين هاوڕان."

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌وه‌ كورد له‌گه‌ڵ چ لایه‌نێک رێكده‌كه‌وێ‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت ئاشكرای كرد: "ئه‌و لایه‌نه‌ی ده‌نگه‌كانی كوردستانی لا گرنگه‌، پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌ی كوردی لا گرنگه‌ و ئه‌یه‌وێ‌ عێراق به‌ باشی و به‌پێی ده‌ستوور به‌رێوه‌بچێ‌ بێگومان ئه‌بێ‌ داخوازییه‌كانی كورد قبووڵ بكات، ئێمه‌ نایه‌ین ڕێكبكه‌وین به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی داخوازییه‌ بنچینه‌یییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌رێمی کوردستان قبووڵ بكرێ‌."

مه‌لا به‌ختیار ڕوونیشی کرده‌وه:‌ "شاندى يه‌كێتى و پارتى به‌يه‌كه‌وه‌ سه‌ردانى به‌غدا ده‌كه‌ن و پڕۆژه‌يێكى هاوبه‌شيان هه‌يه‌ و له‌باره‌ى هه‌موو پرسه‌ جێ بايه‌خه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پڕۆژه‌يێک ئاماده‌ ده‌كه‌ن."

ناوبراو ئه‌وه‌شى گوت: "تا ئێستا به‌ یه‌ک مه‌ودا له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو لايه‌نه‌كان وه‌ستاون و كاتێک سائيروون و فه‌تح له یه‌ک نزيک بوونه‌وه‌ ئێمه‌ به‌ياننامه‌مان ده‌ركرد و پێشوازيمان له‌ سه‌رجه‌م شانده‌كان كردوووه‌."

ئه‌و نوێنه‌ره‌ى يه‌كێتى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "ليژنه‌يێكى هاوبه‌شى يه‌كێتى و پارتى هه‌يه‌ و ئه‌و ليژنه‌يه‌ كارنامه‌يێكى هاوبه‌ش له‌م هه‌فته‌يه‌ ئاماده‌ ده‌كات و هه‌ر دوو مه‌كته‌بى سياسى پارتى و يه‌كێتى بۆ په‌سند كردنى ئه‌و كارنامه‌يه‌ كۆ ده‌بنه‌وه."

مه‌لا به‌ختیار له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانیش ڕای‌گه‌یاند: "خۆپیشاندانه‌كان داخوازیی ڕه‌وای خه‌ڵكن كه‌ سه‌رئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كانی ڕابردووی عێراقه‌، حكوومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتوو بێ‌، یاسا وه‌ک پێویست سه‌روه‌ر نه‌بوووه‌، ژێرخانی ئابوری له‌ عێراق لاواز لاوازه‌، گه‌نده‌ڵی زۆر و بێكاری هه‌یه‌، بێگومان خه‌ڵک ڕائه‌په‌رێ‌ و (خه‌ڵكی خراپیش ماسی له‌ ناو ئاوی لێل ڕاو ئه‌كات).

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16668

Your Comment

You are replying to: .
captcha