به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، قادر ڕه‌زگه‌یی ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان به SNNی ڕاگه‌یاند: به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی سنووری قه‌ره‌چوخ ده‌كه‌ین که دژ به تیرۆریستانی داعش ئه‌نجام درا و ژماره‌یێک شه‌هید و برینداری له ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه لێكه‌وته‌وه.
ناوبراو وتیشی: زانیاریی وردمان له‌وباره‌یه‌وه هه‌یه، له ئاستی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عیراقیش ده‌كۆڵینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له‌سه‌ر چ بنه‌مایێک و له به‌رامبه‌ر چی پێشمه‌رگه جووڵه‌ی پێكراوه و به‌رژه‌وه‌ندیی كورد له‌و ئۆپه‌راسیۆنه چی بوو.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه ده‌بێ ڕوون ببێته‌وه بۆچی پێشمه‌رگه له شوێنی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه كشاوه‌ته‌وه چوونكه به ڕاستی ئه‌مه هه‌ڵه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌یه كه ئه‌و بڕیارانه‌یان ده‌ركردوووه.
قادر ڕه‌زگه‌یی وتی: وه‌ک چۆن به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر ئه‌ركی سوپای عێراقه، به هه‌مان شێوه‌ش ئه‌ركی پێشمه‌رگه‌یه چوونكه داعش مه‌ترسییه له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستانیش به‌ڵام هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق ده‌بێت به چه‌ند پێوه‌رێک بێت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی کاروباری پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی کوردستان وتیشی: "ئه‌وانه‌ی له هه‌رێم بڕیاری سه‌ربازی و سیاسی‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه ناكرێت به بێ ئه‌وه‌ی عێراق شایسته‌كانی هێزی پێشمه‌رگه دابین بكات هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵیاندا بكه‌ن، له كاتێكدا ئه‌وان به شێوه‌یێكی تاكتیكی مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و ته‌نها له‌و كاتانه‌ی كه پێویستیان به پێشمه‌رگه هه‌یه به شان و باڵیاندا هه‌ڵ ئه‌ده‌ن به‌ڵام له هاوكاری كردنیان قسه‌یێكی دیكه ده‌كه‌ن."
قادر ڕه‌زگه‌یی داواش ده‌كات هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق له چوارچێوه‌ی نووسراودا بێت و مافی پێشمه‌رگه‌ی تێدا پارێزراو بێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment