هۆکاری خۆپیشاندانه‌کانی عێراق ناکۆکیی نێوان کوتله‌ شیعه‌کانه‌/ به‌رده‌وام بوونی خۆپیشاندانه‌کان واده‌کات دۆخه‌که‌ له‌ کۆنتڕۆڵدا نه‌مێنێت

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- عه‌بدوڵڵا عه‌لیاوه‌یی ڕاوێژکاری باڵای سه‌رۆک کۆماری عێراق گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس کردوووه‌ و له‌و دیمانه‌یه‌دا به‌ وردی باس له‌ که‌شی سیاسیی عێراق و به‌ تایبه‌ت خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی چه‌ند پارێزگایێکی مه‌رکه‌زی و باشووری ئه‌و وڵاته‌ ده‌کات و هۆشداریش ده‌دات له‌باره‌ی مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی دۆخه‌که‌ له‌ کۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تی به‌غدا نه‌مێنێت.

کوردپرێس- هێشتاکه‌ قه‌یرانی سیاسیی پاش ده‌نگۆی هه‌بوونی ساخته‌کاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 12ی ئایاری په‌رله‌مانی عێراق کۆتایی پێ نه‌هاتبوو که‌ ده‌نگی ناڕه‌زاییی مه‌ده‌نی له‌ پارێزگاکانی مه‌رکه‌ز و باشووری عێراق بوووه‌ هۆی ڕاگرتنی مشتومڕ و گفتوگۆ له‌سه‌ر پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ ئه‌وه‌ش وای کرد پڕۆسه‌ی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌گه‌ر و مه‌گه‌ری تێبکه‌وێت. سه‌ره‌ڕای مه‌سه‌له‌ی ئابووری که‌ هۆکاری سه‌ره‌کییه‌ بۆ ده‌ست پێکردن و په‌ره‌سه‌ندنی ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌ پارێزگا گه‌وره‌کانی عێراق ململانێی سیاسیی نێوان براوه‌ و دۆڕاوه‌کانی هه‌ڵبژاردنیش په‌ره‌ی زیاتری به‌ دۆخه‌ قه‌یراناوییه‌که‌دا داوه‌ ئه‌وه‌ش بابه‌تێکه‌ که‌ ئه‌گه‌ر له‌ کۆنتڕۆڵدا نه‌مێنێت ئاینده‌ی سیاسیی عێراق به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی جیدی ده‌کاته‌وه‌. ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس له‌باره‌ی ئه‌و ته‌وه‌رانه‌وه‌ دیمانه‌یێکی تێر و ته‌سه‌لی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا عه‌لیاوه‌یی ڕاوێژکاری باڵای سه‌رۆک کۆماری عێراق کردوووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک ڕه‌هه‌ندی گرینگی دۆخه‌که‌ بخاته‌ ڕوو.

ده‌قی دیمانه‌که‌:

کوردپرێس: خۆپیشاندانی ژماره‌یێک له‌ پارێزگاکانی عێراق به‌شی باشوور و ناوه‌ندی گرتۆته‌وه‌ هۆکاری ئه‌م دۆخه‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌؟

عه‌بدوڵڵا عه‌لیاوه‌یی: به‌ ڕای من هۆکاری دۆخه‌که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ڵه‌ن ناکۆکی هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌و کوتله‌ شیعانه‌ی که‌ بۆ په‌رله‌مانی ده‌رچوون دووهه‌م ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق خزمه‌تگوزاری زۆر زۆر که‌مه‌ به‌ تایبه‌ت له‌باره‌ی کاره‌با و ئاوی خواردنه‌وه‌ و نه‌بوونی ته‌عینات و دامه‌زراندن بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌ زانکۆ و په‌یمانگاکان ده‌رده‌چن جگه‌ له‌وه‌ش بڵاو بوونه‌وه‌ی زۆر شتی نابه‌جێ که‌ ئه‌و شتانه‌ له‌ موجته‌مه‌عی عێراقی تا ئێستا زۆر دوور بوووه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ وای کردوووه‌ کاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش ده‌وڵه‌تیش ئه‌و هێزه‌ی نه‌ماوه‌ که‌ خۆی موسه‌یته‌ر بکات به‌ سه‌ر هه‌موو شوێنه‌کاندا و له‌ شه‌ڕی چوار ساڵه‌ ماندوو بوووه‌ و جه‌یشێکی نیزامیشی نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌یته‌ره‌ی خۆی فه‌رز بکات له‌ سه‌ر شاره‌کانی عێراق. ئه‌وه‌ش بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ یان ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی مه‌رامی خۆیان هه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ عێراق کێشه‌یێک دروست ببێت بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رامی خۆیانی تێدا جێبه‌جێ بکه‌ن.

کوردپرێس: ئایا پێشبینی ده‌که‌ن خۆپیشاندانه‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت؟

عه‌بدوڵڵا عه‌لیاوه‌یی: به‌ بڕوای من ئه‌وه‌ وه‌کوو زه‌ختێک بوو که‌ پیشان ده‌درێت به‌ڵام له‌و بڕوایه‌دا نیم که‌ به‌رده‌وام بێت چوونکه‌ له‌ موحاسبه‌ی نیهاییدا ئه‌گه‌ر بێتوو به‌رده‌وام بێت ئاخری له‌ ژێر کۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چێت و له‌و حاڵه‌ته‌شدا هه‌مووی تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن که‌ هه‌مووش زه‌ره‌رمه‌ند بوون ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ پشته‌وه‌ی حاڵه‌تی خۆپیشاندان و موزاهه‌ره‌ن داوا له‌ خه‌ڵکه‌که‌ ده‌که‌ن هێمنی بپارێزن و له‌ هه‌مان کاتیشدا مه‌رجه‌عییه‌تی عێراقی ئه‌و داوایه‌ی کرد که‌ له‌سه‌ر خۆ و به‌ گوێره‌ی مه‌نتق و حیکمه‌ت بوو به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌وانیش فیتوایێک ده‌ربکه‌ن به‌ زووترین کات خۆپیشاندانه‌کان ڕاده‌گرن.

کوردپرێس: سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار و به‌ڕێز فوئاد مه‌عسووم له‌باره‌ی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ و داواکارییه‌کانی خه‌ڵکه‌وه‌ چ هه‌نگاوێکی ناوه‌؟

عه‌بدوڵڵا عه‌لیاوه‌یی: بۆ خۆتان ده‌زانن که‌ له‌ عێراقدا سیسته‌مه‌که‌ سیسته‌می ڕیاسه‌تی نییه‌ به‌ڵکوو سیسته‌می په‌رله‌مانییه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش سه‌رۆک کۆمار زۆر ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ که‌ بتوانێت له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع جێبه‌جێ بکات و ته‌نها هه‌ندێک به‌یانات و جووڵه‌ی دیپلۆماسییانه‌ نه‌بێت سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار ده‌سه‌ڵاتێکی‌تری نییه‌. له‌ یه‌که‌م ڕۆژیشدا که‌ خۆپیشاندان ڕووی دا سه‌رۆک کۆمار به‌ زووترین کات به‌یانێکی ده‌رکرد ئه‌گه‌رچی به‌یانه‌که‌ بوووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێک لایه‌نی سیاسی وایان پێناسه‌ کرد که‌ سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار په‌له‌ی کرد و نه‌ده‌بوو ئه‌و شته‌ی زه‌ق کردبا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێنده‌ گه‌وره‌ نه‌بوو به‌ڵام سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌خسی سه‌رۆک کۆمار پیاوێکی سیاسییه‌ ده‌یزانی ئه‌وه‌ بیدایه‌ته‌ و پێشی ده‌گیرێت هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش به‌یانی ده‌رکرد و ڕۆژی ڕابردووش به‌یانێکی دیکه‌ی ده‌رکرد بۆ ئه‌وه‌ی داوا له‌ خه‌ڵک و حکوومه‌ت بکات به‌ زووترین کات داواکارییه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ جێبه‌جێ بکرێت و ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌که‌ش به‌رده‌وام بێت به‌ بڕوای من سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار داوای کۆبوونه‌وه‌یێکی به‌په‌له‌ ده‌کات له‌ نێوان کوتله‌ سیاسییه‌کان یان له‌ نێوان حکوومه‌ت و په‌رله‌مان ئه‌گه‌رچی په‌رله‌مانیش نه‌ماوه‌.

کوردپرێس: به‌م دۆخه‌وه‌ و به‌ سه‌ره‌نجدان به‌وه‌ی که‌ ئیستا خه‌ریکی ژماردنه‌وه‌ی کۆی ده‌نگه‌کانن داهاتووی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ چۆن ده‌بینن؟

عه‌بدوڵڵا عه‌لیاوه‌یی: به‌ ڕای من داهاتووی حکوومه‌تی نوێ زۆر ڕوون نییه‌ و ده‌خایێنێت و ڕه‌نگه‌ ماوه‌ی سێ مانگی دیکه‌ بخایێنێت به‌ڵام ئه‌وه‌ نابێته‌ هۆی بڵێین حکوومه‌ت ته‌شکیل نابێت. بێگومان ته‌شکیل ده‌بێت که‌ حکوومه‌تیش پێکهات بێگومان له‌ عێراق هه‌موو چینه‌کان له‌ ناوه‌وه‌ ناڕێکییان پێوه‌ دیاره‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌م جاره‌ کوتله‌ شیعییه‌کان ناڕێکییان پێوه‌ دیاره‌ سوننه‌کانیش به‌ هه‌مان شێوه‌. ده‌توانین بڵێین تا ئه‌م کاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ یه‌ک بن ته‌نها کوتله‌ی کوردییه‌ چوونکه‌ ئه‌و دوو هێزه‌ سه‌ره‌کییه‌ زۆرترین کورسییه‌کانی په‌رله‌مانیان هێناوه‌ و هه‌ماهه‌نگییێکی باش له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. به‌ بڕوای من شیعه‌کان ده‌بنه‌ دوو که‌رت. که‌رتێکیان ده‌بنه‌ موعارزه‌ (ئۆپۆزیسیۆن) و که‌رتێکیشیان له‌ حکوومه‌ت به‌شداری ده‌که‌ن و کورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌بێت که‌ به‌شداریی حکوومه‌ت ده‌کات و له‌ به‌غدا پله‌ و پۆستی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت. سوننه‌کانیش هه‌ندێکیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان که‌ به‌ زووترین کات ئه‌و حکوومه‌ته‌ پێکبێت و خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتییانی عێراقی بکرێت و عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆزی ئاساییی خۆی.

کوردپرێس: به‌م دۆخه‌ی به‌ڕێزتان وه‌سفتان کرد و ئه‌و دۆخه‌ی له‌ شه‌قامی عێراقیدایه‌ و بۆ ململانێ له‌ پێکهێنانی حکوومه‌تدا هه‌یه‌ پێشبینیتان بۆ چۆنێتیی به‌شداریی کورد له‌ حکوومه‌تی داهاتوو چۆنه‌؟

عه‌بدوڵڵا عه‌لیاوه‌یی: لێکتێگه‌یشتن هه‌یه‌ له‌ نێوان دوو کوتله‌ی شیعه‌ی ڕه‌ئیسی و کوتله‌ی فه‌تح که‌ ژماره‌که‌یان له‌ 40 کورسیی په‌رله‌مان زیاتره‌. هه‌روه‌هاش ده‌وڵه‌تی یاساش هه‌ماهه‌نگیی باشیان له‌گه‌ڵ هه‌یه‌ و کوتله‌کانیان سه‌ردانی کوردستانیان کرد و له‌ به‌غداش سه‌رۆک کۆمار خه‌ریکه‌ هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی عیلاقات و پێوه‌ندییه‌کان پته‌وتر بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین کات بگه‌نه‌ ئاستێک بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت بۆیه‌ به‌ ڕای من پاش ئه‌وه‌ی ژماردنه‌وه‌ی سندووقه‌کان ته‌واو بێت ئه‌و کوتله‌ کوردییانه‌ی که‌ ماون و دوو یان سێ کورسییان هه‌یه‌ ئه‌وانیش له‌به‌ر زه‌ختی پاڵه‌پستۆی جه‌ماوه‌ری به‌ر ئه‌و دوو هێزه‌ سه‌ره‌کییه‌ ڕه‌ئیسییه‌ ده‌که‌ون. له‌و حاڵه‌ته‌شدا مه‌وقیفی کورد به‌هێزتر ده‌بێت جگه‌ له‌وه‌ی دۆستانی کورد داوا له‌ کورد ده‌که‌ن که‌ مه‌وقیفیان یه‌ک بێت و ئه‌م جاره‌ وه‌کوو جاره‌کانی‌تر نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و داواکارییانه‌ی هه‌یانه‌ له‌ژێر سه‌قفی ده‌ستووری جێبه‌جێ بکرێت ئینجا من به‌ ئه‌سته‌می نازانم که‌ کورد ئه‌مجاره‌ بتوانێت به‌ زووترین کات یه‌کتر بگرن و مه‌وقیفیان یه‌ک بێت بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌کانی خۆیان دابین بکه‌ن.

کوردپرێس: ئایا له‌و دیدارانه‌دا فه‌تح، ده‌وڵه‌تی یاسا یان لایه‌نه‌کانی دیکه‌ به‌ڵێنێکیان داوه‌ بۆ جێبه‌جێ کردنی داواکارییه‌کانی کورد به‌ تایبه‌ت ماده‌ی 140 و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌؟

عه‌بدوڵڵا عه‌لیاوه‌یی: هه‌ردوو کوتله‌ی فه‌تح و یاسا ئاماده‌ییی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ که‌ چی له‌ ده‌ستوور بێت و مافی کورد بێت درێخیی لێ نه‌که‌ن و گفتوگۆی له‌سه‌ر بکه‌ن بۆیه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ هیچ لارییێکیان له‌ مه‌سائیلی کوردی نیشان نه‌داوه‌ به‌و مه‌رجه‌ی له‌ ژێر سه‌قفی ده‌ستووردا بێت و کوردیش ئه‌وه‌ی داوای ده‌کات له‌ژێر سه‌قفی ده‌ستووریدایه‌ که‌واته‌ نزیک بوونه‌وه‌یان وێنا ده‌کرێت و زۆر دوور نییه‌.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16570

Your Comment

You are replying to: .
captcha