کوردپرێس:
لەسەر دەنگۆی كشانەوەی چەكدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە كەركووک و جووڵەپێكردنی هێزی پێشمەرگە بۆ شارەكە، ڕوونكردنەوە دەدرێت و فەرماندەیێكی پێشمەرگەش ڕایدەگەیەنێت: تائێستا هیچ فەرمانێكمان بۆ جووڵەپێكردنی هێزی پێشمەرگە بە ئاراستەی كەركووک پێنەكراوە.
یاسین عیزەدین، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی ڕاگەیاند: "تا ئێستا بەشێوەیێكی بەرفراوان هێزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەسنوورەكانی كەركووک نەكشاونەتەوە بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق.
ناوبراو وتیشی: بەڵام ئەگەر حاڵەتێكی لەو جۆرەش ڕووبدات و بەشێكی ئەو هێزانە بكشێنەوە، ئەوا بۆشاییی ئەمنی لەكەركووک دروست نابێت، بەڵكوو پۆلیسی ناوخۆی شارەكە، ئەركی پاراستنی دۆخی ئەمنییان لە ئەستۆدایە.
عیزەدین ئاماژەی بەوەشكرد، تائێستا خۆپیشاندانەكان، كاردانەوەیێكی ئەوتۆی لێنەكەوتۆتەوە كە كاریگەریی لەسەر دۆخی كەركووک هەبێت.
لای خۆشییەوە، لیوا مەریوان محەمەد، فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانیی دوو، رایگەیاند:" تائێستا هیچ هێزێكی پێشمەرگە نەخراوەتەوە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بە ئاراستەی كەركووک جووڵەیان پێنەكراوە .
روونیشی كردەوە، جووڵەپێكردنی هێزی پێشمەرگە، بە گوێرەی فەرمان دەبێت و هەر كات فەرمانمان پێ بدرێت، ئێمە لایەنی جێبەجێكارین .
*لە میدیاکانی هەرێمی کوردستانەوە وەرگیراوە
Your Comment