لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای تاکتیک و موزایده‌ی سیاسی بایکۆتی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی سلێمانییان کرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بڕیار ڕه‌شید گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێس کردوووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێک پرسی گرینگ به‌ تایبه‌ت ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان له‌ سلێمانی و هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان و ده‌نگۆ و تۆمه‌تی ساخته‌کاری که‌ خراوه‌ته‌ پاڵ یه‌کێتی ڕوونکردنه‌وه‌ی به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێس داوه‌.

کوردپرێس- پاش که‌رکووک پڕۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 9ی ته‌مووز له‌ سلێمانی ده‌ستی پێکرد و ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 11ی ته‌مووز کۆتایی پێهات.

بڕیار ڕه‌شید وته‌بێژی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: یه‌کێتی دوێنێ له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌شدا ڕای‌گه‌یاند که‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ سه‌لماندی ده‌نگه‌کانی یه‌کێتی گۆڕانکاریی به‌ سه‌ردا نه‌هاتوووه‌ واتا نه‌ زیادی کردوووه‌ نه‌ که‌م به‌ڵکوو به‌ شێوه‌یێکی گشتی وه‌کوو خۆی ماوه‌ته‌وه‌. ته‌نها کۆمه‌ڵێک سندوق نه‌بێت که‌ له‌ ئه‌سنای ژماردنه‌وه‌که‌دا ئێمه‌ تانه‌مان له‌سه‌ری هه‌بوووه‌.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ بایکۆت کردنی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان وای بۆچوو که‌ ئه‌و بایکۆت کردنه‌ ته‌نها تاکتیک و موزایده‌ی سیاسی بوو واتا ئه‌و لایه‌نه‌ ناڕازییانه‌ هه‌م هه‌وڵیان دا له‌ ڕێگای ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ هاووڵاتییان وا تێبگه‌ینن که‌ ئه‌وان به‌رده‌وام غه‌دریان لێ ده‌کرێت و له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ هه‌وڵیان دا ئه‌و ده‌ستکاریی قوفلانه‌ی که‌ کردوویانه‌ و ئه‌و بارکودانه‌ی که‌ گۆڕیویانه‌ به‌ ته‌واوه‌تی خۆیانی لێ ببوێرن و خۆیان لێ بێبه‌ری کرد بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن ئێمه‌ ئه‌سله‌ن له‌ ژووره‌وه‌ نه‌بووین که‌چی ئه‌وان چاودێری خۆیانیان هه‌بوووه‌ و به‌شدار بوون له‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان و به‌شێکی زۆری ڕێکخراوه‌کانیش سه‌ر به‌ ئه‌و لایه‌نه‌ ناڕازییانه‌ بوون.

بڕیار ڕه‌شید ڕه‌تی کرده‌وه‌ کێشه‌ بۆ چاودێرانی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان دروست بووبێت و به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: ئه‌و دادوه‌رانه‌ی چاودێریی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانیان کرد به‌شدار و سه‌رپه‌ره‌شتیاری ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی سلێمانیش بوون به‌ هه‌مان شێوه‌ شوێنی سندوق و ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان و چاودێره‌کانیش دیاری کراوه‌ و به‌ هه‌مان پڕۆسه‌ له‌ هه‌موو پارێزگاکان ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان ئه‌نجام ده‌بێت به‌ڵام له‌ سلێمانی چاودێری لایه‌نه‌کان داوایان کردوووه‌ خۆیان به‌شدار بن له‌ جیا کردنه‌وه‌ی ده‌نگ که‌ ئه‌وه‌ش شتێکی نایاسایییه‌ و ڕێگه‌ش نادرێت که‌ که‌سێکی سه‌ر به‌ لایه‌نێکی دیاری‌کراو به‌شدار بێت له‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان.

ناوبراو بڕواشی وایه‌ کێشه‌ له‌ مه‌ودا و شوێندا نه‌بوو به‌ڵکوو کێشه‌ له‌ داواکاریی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کاندا بوو که‌ داوایان کردبوو به‌شدار بن له‌ پڕۆسه‌ی جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان.

بڕیار ڕه‌شید له‌باره‌ی شوناس و ڕه‌چه‌ڵه‌کی ئه‌و دادوه‌رانه‌ی له‌ به‌غداوه‌ دیاری کرابوون و له‌لایه‌ن کۆمیسیۆنه‌وه‌ هاتبوون ئاشکرای کرد: دادوه‌ره‌کان له‌لایه‌ن دادگای باڵای فیدڕاڵییه‌وه‌ دیاری کراون وهه‌ر ئه‌م حیزبانه‌ که‌ ئێستا چاودێره‌کانیان چۆته‌ ده‌ره‌وه‌ داوایان کرد کۆمیسیۆن هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و ده‌سته‌یێکی دادوه‌ری سه‌رپه‌ره‌شتیاریی پڕۆسه‌که‌ بکات و ده‌سته‌ی دادوه‌رییه‌که‌ش له‌و دادوه‌رانه‌ پێکهاتبوون که‌ دادگه‌ی فیدڕاڵی دیاری کردبوو و سه‌رۆکی دادگه‌ی فیدڕاڵیشی تێدا بوو.

وته‌بێژی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی دووپاتی کرده‌وه‌ که‌ به‌پێی ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان هیچ گۆڕانکارییێک له‌ ژماره‌ی کورسی و ده‌نگه‌کاندا ناکرێت.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆی ساخته‌کاری که‌ نیسبه‌ت دراوه‌ به‌ یه‌کێتییه‌وه‌ به‌ ئاژانسی کوردپرێسی وت: ده‌بێت به‌ بڕیاری مه‌کته‌بی سیاسی بابه‌ته‌که‌ یه‌کلا بکرێته‌وه‌ ئه‌وکاته‌ ده‌توانین سکاڵا له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ تۆمار بکه‌ین یان هه‌ر ڕێکارێکی یاساییی دیکه‌ بگرینه‌به‌ر به‌ڵام پێمان وایه‌ هاووڵاتییان و جه‌ماوه‌ری ئه‌و حیزبانه‌ش خۆیان بێزار بوون لێیان و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوودا سزایان ده‌ده‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16511

Your Comment

You are replying to: .
captcha