١٢ تەمووز ٢٠١٨ - ١٠:٤٨
تورکێک دەبێتە وتەبێژی هەدەپە

بەشی تورکیا- پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا لە ڕێگای بەیاننامەیێکی فەرمییەوە ڕایگەیاند سارۆهان ئۆڵچۆ بریکاری پارتی دیموکراتیکی گەلان کە هاوکات نوێنەری ئەستەنبۆڵە لە پەڕلەمانی تورکیا وەکوو وتەبێژی نوێی پارتەکە دەستنیشان کراوە.

کوردپرێس:

پارتی دیموکراتیکی گەلان پاش دانیشتنی ئەنجومەنی ناوەندیی پارتەکە لە بەیاننامەیێکی فەرمیدا ئەو هەواڵەی ڕاگەیاند و لە بەیاننامەکەدا نووسراوە: پاش ئەوەی ئایهان بیلگەن وتەبێژی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان وەکوو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە لە پەڕلەمانی تورکیا هەڵبژێردرا، بڕیارمان دا سارۆهان ئۆڵچۆ وەکوو وتەبێژی نوێی هەدەپە دەستنیشان بکەین.

شیاوی ئاماژەیە سارۆهان ئۆڵچۆ نوێنەرێکی بەڕەچەڵەک تورکی پارتی دیموکمراتیکی گەلانە کە ساڵی 1958 لە ئەستەنبۆڵ لە دایک بووە و لە ئەڵمانیا خوێندنی تەواو کردووە. ناوبراو کە لە هەشتاکان و نەوەدەکاندا کاری ڕۆژنامەنووسیی دەکرد بە یاوەریی ژمارەیێک سیاسەتوانی دیکە پارتی ئازادی و بەرخۆدانی دامەزراند و چەندین ساڵ بریکاری ئەو حیزبە بوو. ناوبراو هەروەهاش یەک لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلان بوو و بۆ ماوەی چەند ساڵ وەکوو بریکاری ئەو حیزبە کاری دەکرد.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی دیوار

News Code 16463

Your Comment

You are replying to: .
captcha