ڕێبوار تاها بۆ کوردپرێس: یەکێتی لە ژماردنەوەی دەنگەکانی کەرکووک براوە دەرچوو/ سەرەکیترین داوامان گەڕانەوەی پێشمەرگەیە

بەشی دیمانە/ عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لە کەرکووک گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئاژانسی کوردپرێس کردووە و تێیدا وتوویەتی یەکێتی لە ژماردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردن لە کەرکووک براوە بوو.

کوردپرێس:

بەپێی یاسای پەسەندکراوی پەڕلەمانی عێراق و پشتڕاستکرانەوەی ئەو یاسایە لەلایەن دادگای ئیتحادیی عێراقەوە ڕۆژی سێشەممە 3ی تەمووز پڕۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە کەرکووک دەستی پێکرد و ڕۆژی هەینی 6ی تەمووز پڕۆسەکە کۆتایی هات.

ڕێبوار تاها سەرۆکی لیستی یەکێتی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لە کەرکووک لەبارەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە کەرکووک بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە پاش ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان دەنگی یەکێتی لە کەرکووک گۆڕانکاریی بەسەردا نەهات و یەکێتی هەمان 6 کورسیی بەدەست هێنایەوە.

سەرۆکی لیستی یەکێتی لە کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق ئەوەشی بە کوردپرێس وتووە هەندێک حیزب و لایەن هەوڵی زۆریان دا ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی کەم بکەنەوە بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانە پاش ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان، یەکێتی دیسان هەمان 6 کورسیی خۆی هێنایەوە و ئەمجارەش لەپێناو بەرگری کردن لە مافی هاووڵاتییان گۆڕەپانەکەی چۆڵ نەکرد.

پاڵێوراوی خەڵکی کەرکووک لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق زیادی کرد: یەکێتی لە دادگاکانی عێراق لە سەر مەوزووعی ئەنجامی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک و ئەو هەوڵانەی درابوون بۆ گۆڕینی ئەنجامەکان سکاڵای تۆمار کردبوو.

ناوبراو گوتیشی متمانەمان بەو دادوەرانە بوو کە بۆ چاودێری کردنی پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان دیاری کرابوون و پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکانیش سرکەوتووانە ئەنجام درا و لە ئەنجامدا حەقیقەت ئاشکرا بوو و جارێکی دیکە یەکێتی وەکوو حیزبی براوە خۆی بینییەوە.

ڕێبوار تاها ڕاشیگەیاند: دەبێت ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراقەوە پاش کۆتایی هاتنی پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان لە هەموو ئەو وڵاتە پشتڕاست بکرێتەوە.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: ئەو ئەنجامانە سەلماندی ئیدعای بوونی ساختەکاریی هەڵبژاردن لە کەرکووک بێ بنەمایە و تەنانەت لە هەندێک بنکەدا دەنگەکانی یەکێتی پاش ژماردنەوەیان زیادی کردووە.

هەواڵنێری کوردپرێس پرسیاری ئەوەشی لە ڕێبوار تاها کرد کە بەرنامەی یەکێتی چییە لە بەرانبەر عەرەب و تورکمان کە ئەو حیزبە بە ساختەکاری کردن لە هەڵبژاردندا تۆمەتبار دەکەن. ناوبراو لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا بە کوردپرێسی وت ڕێکاری یاسایی بەرانبەر بەو لایەنانە دەگرنە بەر و لە دادگاکانی عێراقدا سکاڵاین لە سەر تۆمار دەکەن.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە کەرکووک جووڵە بەئاگاهاتنەوەی شانەی نووستووی داعش سێبەری خستە سەر میدیا و ڕووماڵی هەواڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان و لە کۆمەڵێک هەواڵدا باسی دەنگۆی هەبوونی دانووستانی نێوان دەوڵەتی ناوەند و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەهاش گفتوگۆی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا کرا ئەوەش بە مەبەستی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان. ڕێبوار تاها بە بێ ئەوەی سەرنجی زیاتر بخاتە سەر وردەکاریی ئەو دانووستاندنانە پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆکان ئەنجام دراون.

ناوبراو لەو بارەیەوە زیادی کرد: گفتوگۆی نێوان دەوڵەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە بەردەوامە بەڵام پێویستە ئەوەش بڵێم کە زەروورتی بووونی پێشمەرگە لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان چیتر بۆتە ئەمری واقیع و کەس ناتوانێت نکۆڵی لە زەروورەتی هەبوونی پێشمەرگە لەو ناوچانە بکات یان لە سەری ڕێکبکەوێت.

سەرۆکی لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لە کەرکووک ئاشکراشی کرد: سوپا و هێزی سەربازی و ئەمنیی سەر بە دەوڵەتی ناوەند نەیتوانیوە بۆشایی ئەمنیی کەرکووک و بەتایبەت باشووری ئەو پارێزگایە پڕ بکاتەوە و دەبێت متمانە بە پێشمەرگە بکەن و پێشمەرگە و هێزی عێراقی بە هەماهەنگی و هاوکاریی یەکتر ئەمنییەتی کەرکووک و دیکەی ناوچە جێناکۆکەکان دابین بکەن.

ڕێبوار تاها وتیشی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان داوایێکی سەرەکیی کورد و لە نێوانیاندا یەکێتیش دەبێت لە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.

News Code 16413

Your Comment

You are replying to: .
captcha