شێخ جه‌عفه‌ر: داعش له‌ 500 گونددا هەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- له‌ خانه‌قین و گوند و ناحیه‌كانی ده‌وروبه‌ری، تیرۆریستانی داعش شه‌ڕی ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن و ئێستا لە نزیكه‌ی (500) گونددا هەن و له‌ ڕێگه‌ی دانانه‌وه‌ی بۆمبی چێندراویشه‌وه‌ ته‌قینه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ده‌یان هاووڵاتییان تیرۆر و بریندار كردووه‌ و ڕفاندوویانن‌.

کوردپرێس:

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، به‌رپرسی لقی 15ی خانه‌قینی پارتی، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "تیرۆریستانی داعش له‌ چوارچێوه‌ی گرووپی مه‌فره‌زه‌یی ده‌رچوونه. ئێستا له‌ نزیكه‌ی (500) گوند له‌ سنووری قه‌ره‌ته‌په‌ و جه‌باره‌ و جه‌له‌ولا و سەعدییه‌ و خانه‌قین هەن و هاووڵاتییان ده‌یانبینن و هێرش ده‌كه‌نه ‌سه‌ر گونده ‌كورده‌كان و هاووڵاتییانی كورد كه‌ چه‌ندین گوندی كورد له‌ ترسی داعش چۆڵ كراوه‌، هێزه‌ عێراقییه‌كان هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان له‌و گوندانه‌ نییه‌ و داعش باڵاده‌سته‌".

به ‌هۆی په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌كانی داعشەوە ده‌یان هاووڵاتیی كورد شه‌هید و بریندار بوون و ڕفێندراون. له‌و باره‌یەوه‌، شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ده‌ڵێ: "تیرۆریستانی داعش زیاتر له‌ 12 هاووڵاتیی كوردیان تا ئێستا تیرۆر كردووه‌ و 20 هاووڵاتییان برینداركردووه‌، چه‌ندین هاووڵاتیشییان ڕفاندووه‌ و ئێستا بێسه‌روشوێنن، له‌ دوو ڕۆژی ڕابردوودا تیرۆریستانی داعش دایكێك و سێ كچیان له‌ ماڵه‌كانی خۆیاندا له‌سێداره ‌داوە، ته‌نیا لەبەر ئه‌وه‌ی پیاوی ماڵه‌كه‌ كارمه‌ندی كۆمیسیۆن بووه‌ له‌ دیاله‌".

دوای كاره‌ساتی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌کانی كوردستانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و داگیركردنیان له‌ لایه‌ن هێزەکانی عێراقەوە، پشتێنه‌ی ئه‌منی له‌و ناوچانه‌ نه‌ما و تیرۆریستانی داعش خۆیان ڕێك خستووه‌ته‌وه و‌ ده‌ستییان كردووه‌ته‌وه‌ به‌ كاری تیرۆریستی.

تیرۆریستانی داعش له‌ سنووری خانه‌قین ته‌قینه‌وه‌ و دانانه‌وه‌ی بۆمب به‌ فراوانی ئه‌نجام ده‌ده‌ن. له‌و بارەیە‌وه،‌ به‌رپرسی لقی 15ی خانه‌قینی پارتی هێمای بۆ ئه‌وه ‌كرد: "له‌پاڵ په‌لاماردانی ڕووبه‌ڕوودا تیرۆریستانی داعش له‌ ڕێگه‌ی بۆمبه‌وه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ ته‌قیینه‌وه و چه‌ندین قوربانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، له‌ دوو ڕۆژی ڕابردوو دوو ته‌قیینه‌وه‌یان له‌ ڕێگه‌ی چاندنی میینه‌وه‌ ئه‌نجام داوه و چه‌ند هاووڵاتییەكی كورد شه‌هید بوون و زیانی ماددییان پێ گەیشت".

تیرۆریستانی داعش به‌رده‌وام په‌لاماری هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌ده‌ن و چه‌ندین كه‌سییان له‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق كوشتووه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: "تیرۆریستانی داعش له‌ خانه‌قین و ده‌وروبه‌ری شه‌ڕی ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن و چه‌ندین سه‌ربازی عێراقییان كوشتووه‌، له‌ تیرۆریستانیش كوژراو هه‌بووه‌، هێزه‌كانی عێراق تواناییی پاراستنی ئه‌منیه‌تی خۆیان و هاووڵاتییانیان نییه‌".

له‌ خانه‌قین شتێك نه‌ماوه‌ به ‌ناوی ئه‌منییه‌تی پاراستنی سه‌روماڵی هاووڵاتییان و ڕه‌خساندنی کەشێکی هێمن. شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا گوتیشی: "ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن ئه‌منییه‌ت له‌ ناوچه‌كه‌ نه‌ماوه‌ و هاووڵاتییان له‌ دڵه‌ڕاوكێی به‌رده‌وامدان. هاووڵاتییان خۆیان، خۆیان ده‌پارێزن، نه‌ك هیچ هێزێكی ئه‌منی، له‌پاڵ كاره‌ تیرۆریستییه‌كانی داعش دزی و ڕاوڕووتیش به‌رده‌وامه‌".

News Code 16397

Your Comment

You are replying to: .
captcha