ئەو کۆگایانەی تەقیونەتەوە ھەموویان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە نین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمیندارى گشتیى وەزارەتى پێشمەرگە ڕایگەیاند: ئەو کۆگای چەک و تەقەمەنیانەی لە هەولێر و سلێمانى و دهۆک تەقیونەتەوە هەمووی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە نییە، و سەربە هێزی لاوەکین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە ڕایگەیاند: کۆگای چەک و تەقەمەنی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر بنەمای زانستی دروست کراون و هیچ گرفتێکی نییە، هۆکاری تەقینەوەی بەشێک لە کۆگاکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو چەک و تەقەمەنیانەی کە وەکوو دەستکەوت لایانبووە تێکەڵ بە چەک و تەقەمەنییەکانی خۆیان کراوە بە شێوەیێکی نازانستی، هەربۆیە تەقیوونەتەوە.

ناوبرو وتیشی، لەسەر تەقینەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی لیژنەیێک دروست کراوە بۆ بەدواداچوون و دواتر هۆکارەکانی دەخرێتەڕوو.

سەبارەت بە جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە باسی لەوەش کرد، پێشمەرگە بەردەوام لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە، بەتایبەتی لە هێڵی پاراستنی هەرێمی کوردستان، چوونکە هێشتا چەکدارانی داعش لە جموجۆڵدان و کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، داعش تەنها دەسەڵاتی ئیداریی لەدەست داوە بەڵام وەکوو گرووپی چەکداری هێشتا کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن.

جەبار یاوەر ڕوونیشی کردەوە، داعش لە ماوەی ڕابردوودا لە سنووری چیای حەمرین لە پارێزگای دیالە و پارێزگای سەڵاحەدین و هەندێ ناوچەی تری سەربە پارێزگای کەرکووک وەکوو قەزای حەویجە و ناحیەی ڕیاز و عەباسیە، هەروەها چیای قەرەچوغ لە قەزای مەخموور لە جموجۆڵدان بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە لەژێر ناوچەکانی دەسەڵاتی پێشمەرگە هیچ جۆرە چالاکییێک ئەنجام بدەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا ھیچ کۆبوونەوەیێكی فەرمی نەکراوە لە نێوان بەغدا و ھەولێر بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان بەڵام لە دانیشتنەکانی نێوان هەردوولا لەگەڵ هاوپەیمانەکان و سیناتۆرەکان ئەو باس و خواسانە کراون بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

سەرچاوە: ئین ئاڕتی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 16389

Your Comment

You are replying to: .
captcha