سەرۆککۆمار و هەڕەشەی قەپات کردنی گەرووی هورمۆز

بەشی یادداشت/ کوردی- سادق مەلەکی چاودێری سیاسی و کارناسی باڵای وەزارەتی درەوەی ئێران لە یادداشتێکدا خوێندنەوەیێکی بۆ وتەکانی سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی هەڕەشەی قەپات کردنی گەرووی هورموز کردووە.

کوردپرێس:

سادق مەلەکی چاودێری سیاسی و کارناسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە یادداشتەکەی خۆیدا کە ماڵپەڕی دیپڵۆماسیی ئێرانی بڵاوی کردۆتەوە نووسیویەتی: بەڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک هەڕەشەی شەڕ لە سەر ئێران دوور خرایەوە بەڵام نابێت کشانەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە ببێتە هۆی گەڕانەوەی هەڕەشەی شەڕی دژ بە ئێران.

دەقی یادداشتەکەی سادق مەلەکی:

لە هەورازو نشێوی سیاسەتدا تەنها بەرژەوەندی گرینگە و ئامانجی سەرەکیی هەموو وڵاتێکە لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا. ڕاستە کەشی سیاسی و ئابووریی ئەمڕۆکەی ئێران چیتر کەشی جاران و سەردەمی هێرشەکەی سەدام نییە بەڵام نە خەڵکی ئێرانیش خەڵکی دوێنێن و نە ئەمریکا و عێراقیش وڵاتەکانی ئەوسان.

بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە سێبەری شەڕ لە سەر ئێران دوور کەوتەوە بەڵام نابێت ڕێگە بدرێت کشانەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە ببێتە هەڕەشەی گەڕانەوەی شەڕی دژ بە ئێران. ئەوانەی مکووڕن لە سەر گفتوگۆ کردن لەگەڵ ئەمریکا نە هۆکارن لەو هەڕەشانەی ئەمریکا و نە لە هەڕەشکانیش ترساون. زۆرینەی ئەو کەسانە لە سەردەمی شەڕدا ژیاون بێسەبرانە چاوەڕوانن کە بچنە ڕیزی برادەرە شەهیدەکانیان.

لە ساحەی سیاسی و پێوەندیی نێودەوڵەتیدا کاتێک قەیران ڕوو دەدات تەنها تێڕوانینی عاشوورایی کاریگەر نابێت بۆ ئیدارەدانی وڵات و تێپەڕاندنی قەیران. کەربەلا کەرتێکی جوگرافیای حەماسییە کە ئەگەرچی بەشکۆیە بەڵام لەهەمان کاتدا تراژدیایە. هەر بۆیەش لە کاتی قەیرانی دژواری سیاسیدا دەکرێت ستراتێژیی ئیمام عەلی و ئیمام حەسەن و ئیمام ڕەزا پەیڕەو بکرێت و شەڕی جودەیبییە بکرێتە سەرمەشق.

ڕۆحانی وتوویەتی "مانای نییە وڵاتانی ناوچەکە نەوت هەناردە بکەن بەڵام ئێران نەیکات". ئەم قسەیە هەڕەشەیە. ئەگەر کەسێک بە بەرگی سەرۆککۆمارەوە هەڕەشە بکات و هەڕەشەکەی بۆ جێبەجێ کردن نەشێت نەک هەر سووکایەتییە بۆ ڕەهەندی نیشتمانی بەڵکوو دوژمنە لاوازەکانیش دەم سوور دەکات. بەشی زۆرینەی زیرەکیی سەرکردەکان ئەوەیە کە بە سەر هەستی خۆیاندا زاڵ بن. ئەوەی کە لە قۆناغێکی هەستیاردا کە سەرۆککۆمار سەردانی وڵاتانی بیانی دەکات بەردەنگی قسەکانی لە ناوەوەی وڵات نییە و ئەو پاساوە هەرگیز پاساوێکی باش نییە بۆ ئەو زیانانەی بە حەزی دوژمنانە. بەشێکی هەرەگرینگی عەقڵیەتی دانووستاندن و پێبەند بوون بە بەرجام ئەوەیە ئێران پێداگرە لەسەر ئاشتیخوازی و کۆتایی هێنان بە سیاسەتی تۆقاندنی ئێران. دیارە ئێمە هاتووین بژین نەوەک بمرین. ئامانجی سەرکردەکانی ساحەی سیاسی ئەوەیە ستراتێژییەتی شکۆو حیکمەت و مەسڵەحەت بۆ ژیان بگرنە بەر ئەگینا هەڵبژاردنی بژاردەی مردن زۆر دژوار نییە.

ئەگەر ساحەی سیاسی بکرێتە ساحەیێکی عەوامانە چیتر جێگای عەقڵییەتی سیاسی نابێتەوە. کس نایهەوێت بەرەی شەڕ چۆڵ بکات. بەرەی شەڕ تەنها شەڕی گەرم و شەڕ بە چەک نییە. زۆر ڕێباز هەیە بۆ خەبات کردن. ئێستا نە هاووڵاتییان تەحەمولیان ماوە و کەشی سیاسی و ئابووریی ئێران توانای ئەوەی هەیە قەپات کرانی گەرووی هورموز تەحەمول بکات. نابێت سەرکردەکانی ئێران وتاری حەماسیی سەربازییانە بەکار بهێنن. وتاری حەماسیی سەربازی ئەگەرچی سوکنایی بە مەعنەویات و هەستی مرۆڤ دەدات بەڵام عەقڵییەتی مرۆڤ وەڕەز دەکات. بووش دەیوت: "یان لەگەڵمانن، یان دوژمنمانن". ئێستاش ئێمە دەڵێن: "یان نەوتمان لێ دەکڕن، یان گەرەنتی بۆ کڕین بۆ ئێمە نییە نابێت بۆ هیچ وڵاتێکی تریش ببێت." وا دەردەکەوێت ئێمە لە ستراتێژییەتی زیاد کردنی دوژمنەکانماندا ڕاهاتووین و بووینەتە مامۆستایێکی لێزان. قەپات کردنی گەرووی هورموز کە تەبعەن بۆ جێبەجێ کردن نابێت، لە ڕووی چ عەقڵییەتێکەوەیە؟ نەفرۆشرانی نەوت بەبۆنەی نائەمن بوونی ڕێچکەی فرۆشتنیەوە نییە بەڵکوو لەبەر گەمارۆی ئابووریی ئەمریکایە. ئەمریکا ئابڵۆقەی خستۆتە سەر ئێران و نەوتمان لێناکڕێت ئیتر وڵاتانی دیکە کە شوێندانەریی ئەوتۆیان لەم بارەیەوە نەبووە بۆچی دەبێت ببنە شەرریک لە پێوەندیی دوژمنانەی نێوان ئێران و ئەمریکا؟

تا دوێنی سووریا و یەمەن لە کوێ بوون و ئێستا لە کوێن. کەلاوەکانی سووریا و یەمەن کە ئێران ڕووبەرووی بۆتەوە جیاوازیی نییە لەگەڵ سەردەمی هێرشەکەی قەومی موغول. ئەگەر ئەوە سەرکەوتنە چیتر نابێت هیچ بنووسین و چیتر خوێندنەوە بۆ هیچ نەکەین.

با هەڕەشەکەی ترەمپ بکەینە دەرفەت و پلانمان هەبێت بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە پەرەسەندووە و دەست بکەین بە چاکسازی کردن لەو پێکهاتانەی بەشێکی هەرە زۆریان پاش هەڕەشەکانی ئەمریکا دەرکەوتوون. هێشتاکە ئابڵۆقەی ئابووری دەستی پێنەکردووە هەندێک کەس دەستیان کردووە بە دابەش کردنی غەنیمەتەکان! نەخوازەڵا ئەگەر گەمارۆکان دەست پێبکەن و دەڵاڵەکانی قۆناغی گەمارۆ بێنە مەیدان! نابێت بەپاساوی گەمارۆی ئابووری کەرتی ئابوور و کۆمەڵایەتی میلیتاریزە بکرێت بۆ ئەوەی لە شفەفایەت دوور بکەوینەوە.

سەرەڕای ئەم هەلومەرجە ئاستەنگە، کەس متمانەی بە ئەورووپا و ئەمریکا نییە. هەمووان دەزانن کە دەرەچەی دەربازبوون لەم قەیرانە وڵاتانی بیانی نین بەڵکوو تەنها بە پشت بەستن بە هاووڵاتییانەوە قەیرانەکە تێپەڕ دەبێت. هاووڵاتییانیش چاویان لە کردەوەی ڕاستەقینەی سیستەمی حوکمڕانییە نەک دروشمەکانی حکوومەت.

ترەمپ تراویلکەی نێوان هەڕەشە و کردەوەیە. ئەگەر بڕوامان بەوە هەیە کە ترەمپ دەڕوات و ئەمریکا دەمێنێتەوە دەبێت ڕێچکەیێک بدۆزینەوە کە لە قۆناغی پاش نەمانی ترەمپدا ئێران خەساری لێنەکەوتبێت. باشتر وایە محەمەد جەواد زەریف لەگەڵ خواجە نەسیری تووسی ئاشنا ببێت.

سەرچاوە: ماڵپەڕی دیپڵۆماسیی ئێرانی

News Code 16375

Your Comment

You are replying to: .
captcha