کوردپرێس:
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، هیواخوازن حکوومەتی نوێی عێراق وانە لە کێشەکانی رابردوو وەربگرێت، بۆ ئەوەی هەڵەکان دووبارە نەبنەوە و هەموو بەندەکانی دەستوور جێبەجێ بکرێن.
مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتی و پارتی پێکەوە و بە یەک پاکێج دەچنە بەغدا، ئەو گفتوگۆیانەش لەگەڵ شاندی هاوبەشی فەتح و دەوڵەتی یاسا بۆ ئەوەن گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی پێک بهێنرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتێک کە "بەڕاستی پابەندی دەستوور و رێککەوتنەکان بێت".
ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی شاندی هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری رایگەیاند، دانوستاندنەکان بەرهەمداربوون، کە تێیدا باسی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیان کردووە بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای "نە رەتکردنەوە نە خۆسەپاندن".
ئەحمەد ئەسەدی گوتیشی، باسیان لە چارەسەری کێشەی خەڵک لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە.
حەسەن سنێد، سەرۆکی شاندی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی رایگەیاند، بۆچوونەکانیان لە یەکدی نزیک بووە، پێویستە هەمووانیش بەرپرسیارێتی قۆناخەکە بگرنە ئەستۆ و حکوومەتی نیشتمانی پێک بهێنن.
حەسەن سنێد باسی لەوەش کرد، هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە ڤیتۆی لەسەر لایەنی دیکە هەبێت.
سەرچاوە: میدیاکانی هەرێمی کوردستان
Your Comment