بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی لە كۆنگرەیێكی رۆژنامەنووسیدا وتی دوای کۆبوونەوەکانیان لە هەولێر شاندەكەی فەتح و دەوڵەتی یاسا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانى تریش سەردانی سلێمانى دەکەن.
ئەمەش لە دواى ئەوەهات دوێنێ شاندێکی دەوڵەتی یاسا و شاندێکی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە گەیشتە هەولێر.
بڕیارە هەردوو شاندەکەی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی فەتح دوو ڕۆژ بمێننەوە و گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ حزبە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدەن.
ئەمە لە کاتێکدایە لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لە ڕیزی پێشەوەی ئەو پارت و لایەنانەدا بوون کە بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەت، سەردانی موقتەدا سەدر براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە و لایەنە عێراقییەکانی تریان کرد.
هەروەها گفتوگۆکان لە کاتێکدان، هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە یەکلا نەکراوەتەوە و پڕۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگی ئەو سندوقانەی سکاڵایان لەسەرە ماوەی چوار رۆژە دەستی پێکردووە.
سەرچاوە: ئین ئاڕتی
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment