کوردپرێس:
مەولوود چاوش ئۆغڵو بووە میوانی دێسكی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو و لە میانیدا بابەتەكانی رۆژەڤی هەڵسەنگاند و وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
چاوشئۆغڵو سەبارەت بە دەستبەسەركردنی ئەبرو ئۆزكان وتی: “هەنگاوی چاوسووركردنەوە دژی ئەو هاووڵاتییانەمان دەگرنە بەر كە سەردانی قودس دەكەن، ئێمەش وەڵاممان بۆ ئەمە دەبێت”.
وەزیری دەرەوەی توركیا لە بارەی قەدەغەكردنی سیمبولەكانی پەكەكە وتی: “نەمسا دەستی بە هەوڵێك بۆ بە نموونە وەرگرتنی ئەو یاسایە كردووە كە لە ئەڵمانیا هەیە. رەنگە لە پایزدا بنێردرێتە پەرلەمان”.
ناوبراو وتیشی: “هیچ چاوەڕوانییێكمان لە سەرۆكایەتی كردنی ئەم خولەی یەكێتیی ئەورووپا لە لایەن نەمساوە نییە. چاوەڕێی ئەوەش ناكەین نەمسا بڕیارێكی رادیكاڵانە بدات”.
مەولود چاوشئۆغڵو باسی لە ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا بۆ سەر پەكەكەی لە ناو خاكی عێراقدا كرد و ئاماژەی بەوەكرد كە لەوبارەیەوە هەرچی پێویست بێت ئەنجامی دەدەن و، وتی: “هەرچی پێویست بێت دەیكەین بۆ پاككردنەوەی خاكی عێراق لە پەكەكە”.
وەزیری دەرەوەی توركیا سەبارەت بە رێكخراوی فەتحوڵلاچی رایگەیاند: “دوای ئەوەی هەموو شتێك خرایە سەر مێز دەبینین كە چەندە بەجددی وەریانگرتووە. ئەمریكا نابێت هاوپەیمانێكی وەك توركیا لەدەست بدات”.
چاوشئۆغڵو باسی لە پرسی كڕینی سیستمی S-400 لە رووسیا و هەڵوێستی ئەمریكای لەوبارەیەوە كرد و وتی: “ئیدارەی ئەمریكا نایەوێت (بەهۆی بابەتی S-400)ەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیادا تێك بدات”.
چاوش ئۆغڵو ئاماژەی بەوە كرد كە كشانەوەی یەپەگە لەم ناوچانەی هێڵی دەورییەكان لە منبج بە مانای ئەوە نایەت كە لە منبج كشاونەتەوە.
وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند: “لەگەڵ ئەمریكا لە نەخشە رێگاكەماندا رێككەوتنێكی روونمان هەیە كە دوای ئەوەی منبجمان تەواو كرد دەچینە شوێنەكانی دیكەش”.
سەرچاوە: ئاژانسی ئانادۆڵ
Your Comment