کوردپرێس: لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندووە: "بە هیچ شێوەیێک ڕێگەنادەین عێراق لە باکوورەوە یان لە باشوورەوە، لە خۆرئاواوە یان لە خۆرهەڵاتەوە، لەودیو سنوورەکانەوە بەڕێوەببرێت".
ئاماژەی بەوەش کردووە "عێراق بە دەست و بازووی عێراقییەکان و بە نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە و بە هاوپەیمانێتی پاک و بێگەرد بەڕێوەدەبرێت کە دابەشکاری تایەفی تێپەڕاندبێت".
ئەوە لەکاتێکدایە موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە ١٢ی حوزەیرانی ڕابردوودا هاوپەیمانێتییێکی لە نێوان هاوپەیمانی سائیرونی خۆی و لیستی فەتحی هادی عامری ڕاگەیاند، بەمەبەستی دروست کردنی گەورەترین قەوارەی پەرلەمانیی لە پەرلەمان، پێشتریش هاوپەیمانێتییێک لە نێوان سائیرون و فەتح و ڕەوتی حیکمە و هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادیدا پێکهێنرا.
لەوکاتەدا موقتەدا سەدر ڕایگەیاند: سەرجەم هاوپەیمانێتییەکان لە چوارچێوەی کەشی نیشتیمانیدایە و حکوومەتی داهاتوو سەرجەم قەوارە نیشتیمانییەکان لەخۆ دەگرێت.
لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ڕابردوودا لیستی سائیرونی موقتەدا سەدر توانی ٥٤ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت و دوای ئەویش هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری ٤٧ کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا.
سەرچاوە: ئین ئاڕتی
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment