کوردپرێس- ڕۆژی سێشه‌ممه 3ی تهمووز به گوێره‌ی یاسای په‌سه‌ندکراوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پشتڕاستکردنه‌وه‌ی یاساکه له‌لایه‌ن دادگه‌ی فیدڕاڵه‌وه پڕۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار له که‌رکووک ده‌ستی پێ‌کرد و بڕیاره له هه‌رێمی کوردستان و پارێزگا سوننه‌نشینه‌کان و پاشان پارێزگا شیعهنشینهکانیش جێبه‌جێ بکرێت.
له کۆی 12 کورسیی پارێزگای که‌رکووک یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان توانیی 6 کورسی مسۆگه‌ر بکات و عه‌ره‌ب و تورکمانیش هه‌ریه‌که و یه‌ک کورسییان زیاد کرد و له شه‌ش کورسییه‌که‌ی دیکه هه‌ریه‌که و سێی کورسییان به‌ده‌ست هێنا. مه‌سه‌له‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و هه‌روه‌هاش گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان بۆ که‌رکووک دوو بابه‌تی گه‌رمی میدیا و ساحه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی کوردستانه به‌و مه‌به‌سته‌ش کوردپرێس گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی له که‌رکووک کردوووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی یه‌کێتی به‌رانبه‌ر به لێدوانه‌کانی به‌ره‌ی تورکمان له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و هه‌روه‌هاش ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان له که‌رکووک بزانێت.
ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی هه‌ژمار کردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان له که‌رکووک به ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: ئه‌و ده‌نگانه‌ی دوێنێ ئه‌ژمار کراون ده‌نگی سندۆقه‌کانی قه‌زای داقۆق بوون که به‌شێکی فه‌رز نه‌کرابوو و له کردنه‌وه‌ی سندۆقهکاندا له هه‌ندێک شوێن ده‌نگی یه‌کێتی هاتبوووه خواره‌وه و له هه‌ندێک شوێنیش ده‌نگه‌کانمان به‌رز بووبوووهوه. له ده‌نگی لیسته‌کانی دیکه‌ش به هه‌مان شێوه فه‌رق هه‌بوو به‌ڵام فه‌رقه‌که به ڕێژه‌یێکی زۆر نه‌بوو و ڕه‌نگه ئه‌و جیاوازییه پێوه‌ندیی به‌وه بووبێت کاتێک که خه‌تمه‌که کراوه خه‌تمه‌که‌ی باش نه‌خوێندبێته‌وه یان خود جیهازه‌که حه‌ساسه ڕه‌نگه ئه‌و خه‌تمه‌ی دایانناوه نه‌یخوێندبێته‌وه ئه‌گینا به گشتی ده‌توانم بڵێم له پڕۆسه‌که‌دا یه‌کێتیی نیشتمانی ده‌نگی له هه‌موو به‌رزتر بوو و تا دوێنێ ده‌نگه‌کانی به‌رز بووبوووهوه.
ناوبراو له‌باره‌ی ژماردنه‌وه‌ی تێکڕا یان به‌شێک له سندۆقه‌کانی ده‌نگدان و ماوه‌ی پێویست بۆ ژماردنه‌وه‌یان له که‌رکووک به کوردپرێسی وت: دوێنێ یه‌که‌م ڕۆژ بوو و له دووهه‌م ڕۆژدا زووتر ده‌ست پێکرا و دیاریش نییه هه‌ر سندۆقێک چه‌ند ده‌خایێنێت بۆیه ناکرێت بڵێین به چه‌ند ڕۆژ ته‌واو ده‌کرێت.
ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود له‌باره‌ی هه‌ڵوێست و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی به‌ره‌ی تورکمانییه‌وه ئاشکرای کرد: کێشه‌ی ئه‌وان کێشه‌ی ده‌نگ نییه چوونکه ئه‌وان له ده‌نگی خۆیان زۆر زیاتریان هێناوه. ئه‌مه پێوه‌ندیی به مه‌سه‌له‌ی مه‌زهه‌بیی خۆیانه‌وه هه‌یه. ئێستا له پارێزگای که‌رکووک یه‌ک سوننه و دوو شیعه‌ی تورکمان ده‌رچوووه بۆیه تورکمان ئه‌وه‌ی پێی قبووڵ ناکرێت و ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یکه‌ن تورکیا ده‌یکات و ئه‌وانیش به هه‌مان سیسته‌می تورکیا ده‌جووڵێنه‌وه.
جێگری لقی که‌رکووکی یه‌کێتیی نیشتیمانی له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ی ئه‌منییه‌ت و ئاسایشی که‌رکووکه‌وه به هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: بابه‌تی که‌رکووک دوو به‌شه؛ یه‌کیان ده‌ره‌وه‌ی که‌رکووک و ئه‌وی دی ناوی که‌رکووک. له ناو که‌رکووکدا دزی و ڕاو و ڕووت و جه‌رده‌یی هه‌یه. له ده‌ره‌وه‌ی شاری که‌رکووکیش جووڵه‌ی داعش هه‌یه و له جاران زیاتر دێنه هه‌ندێک ناوچه که پێشتر نه‌هاتبوون.
ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود له‌باره‌ی ناڕه‌زاییی به‌ره‌ی تورکمانی له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ که‌رکووک و ناوچه جێناکۆکه‌کان ڕایگه‌یاند: ئێستا زیاتر ئه‌مریکا بۆ پاراستنی ناوچه‌که له مه‌یداندایه به‌ڵام دیاره ئه‌منییه‌تی ناوچه‌که به‌م هێزانه ناپارێزرێت چوونکه ڕه‌نگه به‌شێک له‌و هێزانه دووفاقیی تێیدا بێت. له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه به‌ره‌ی تورکمانی ئه‌و کاته‌ی داعش هات هێزی پێی نه‌بوو بینێرێته به‌ره‌کانی شه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له که‌رکووک بکات و ئه‌وه‌ی که ئێستا ئه‌یکات دژایه‌تی کردنی کورده و ئه‌و سیاسه‌ته‌ش سیاسه‌تی تورکیا و ئه‌ردۆغانه که کورد له هه‌ر شوێنێک ئه‌وان دژین ته‌نانه‌ت ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکمانی که‌رکووکیش باش ده‌زانێت ئه‌وکاته‌ی پێشمه‌رگه له ناوچه‌که بوو هه‌موو ناوچه‌کان پارێزراو بوون به‌ڵام ئێستا که پێشمه‌رگه‌ی لێ نییه ئه‌و مه‌شاکیلانه‌ی که‌رکووک ڕوویان داوه بۆیه ئه‌گه‌ر که‌سێکی وه‌ک ئه‌رشه‌د ساڵحی قسه‌یێکی واش بکات قسه‌ی خۆی نییه به‌ڵکوو هه‌ڵوێستی تورکیایه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌وه زیادی کرد: "من پێموایه ئه‌گه‌ر نێو ماڵی کورد یه‌ک بێت و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به عه‌قڵێکی کوردانه بیر بکاته‌وه و حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات کوردایه‌تی بکه‌ن مه‌سه‌له‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ که‌رکووک مه‌سه‌له‌یێکی جیدییه به‌ڵام هه‌ندێک جار بابه‌تی حیزبی پڕۆسه‌که ده‌شێوێنێت چوونکه هه‌ندێک حیزب ده‌یهه‌وێت به ده‌ستکه‌وته‌وه بگه‌ڕێته‌وه که‌رکووک بۆیه دووپاتی ده‌که‌مه‌وه ئه‌مه بابه‌تێکی جیدییه."
ناوبراو سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێسته‌که‌ی ئه‌بوو ئیزرائیل سه‌رکرده له حه‌شدی شه‌عبی به‌رانبه‌ر به گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه که وتبووی "ده‌بێ له عه‌قڵییه‌تی تایفی و حیزبی دوور بکه‌نه‌وه" به کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: پێم وانییه یه‌کێتی به تاق و ته‌نیا بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بدات چوونکه یه‌کێتی نایهه‌وێت نێو ماڵی کورد که‌رت بکات بۆ نموونه ئه‌گه‌ر یه‌کێتی بیویستایه ئه‌وه‌ی بکردایه له کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌کاندا ده‌یکرد که ڕاگه‌یێندرا فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی پێشتر بکرێته‌وه به‌ڵام یه‌کێتی ڕه‌فزی کرده‌وه. دیاره یه‌کێتی ده‌یتوانی به ته‌نها له‌گه‌ڵ عێراق ڕێکبکه‌وێت و هێزی پێشمه‌رگه‌ی خۆی بگه‌ڕێنێته‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌شمان نه‌کرد چوونکه یه‌کێتی ده‌یهه‌وێت نێو ماڵی کورد یه‌ک بێت و ئه‌گه‌ر پارتیش عه‌قڵییه‌تێکی وه‌های بێت ئێمه ڕه‌وته‌که به ئیجابی ده‌زانین.
دیمانه: حه‌سه‌ن ساڵحی
داگرتن و داڕشتنه‌وه: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment