وتەبێژی ھاوپەیمانان: ئەگەر پێویست بکات بەدواداچوون دەکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دۆسیەی فرۆشتنی چەکەکانی ھاوپەیمانان لەلایەن چەند ئەفسەر و پلەدارێکی وەزارەتی پێشمەرگەوە،کاردانەوە و ھەڵوێستی جیاوازی لێدەکەوێتەوە و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق دەڵێت ئەو بابەتە پەیوەندیی بەئەوانەوە نییە، و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش دەڵێت ئەگەر پێویست بکات بەدواداچوون دەکەن.

کوردپرێس:

دوێنێ جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە،‌ ڕایگەیاند لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەربارەی فرۆشتنی چەک و تەقەمەنییەکانی ھاوپەیمانان کە لە شەڕی دژی داعش وەک ھاوکاری پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان کرابوون، زیاتر لە ٢٠ ئەفسەر و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگەیان دەستگیرکردووە.

عەقید شۆن ڕایان، وتەبێژی فەرمی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند " ئێمە ھیچ داتایێکی دیاریکراومان نییە لەسەر بڕی ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانەی پێشکەش بە ھێزەکانی پێشمەرگە کراون."

لەوەڵامی پرسیارێکدا ئایا ھاوپەیمانان بەبەردەوامی چێکی داتای ئەو چەکانە دەکەنەوە، عەقید ڕایان ووتی " ئێمە بەدواداچوون ناکەین، چوونکە پێشتر ڕادەستکردنی چەکەکان و و بەرپرسیارێتی پاراستنیان لەڕێگای ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە بووە."

سەبارەت بە ھەڵوێستی فەرمیی ئەوان لەسەر ئەو مەسەلەیە، وتەبیژەکەی ھاوپەیمانان ڕوونی کردەوە " ئێمە ھیوادارین ھیچ چەکێک نەفرۆشرێت، و لەکاتی پێدانی چەکەکان باس لەبەرپرسیارێتی پاراستنی چەکەکان کراوە و ئێمە بوار دەدەین بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەو بەرپرسیارێتییە بگرنە ئەستۆ."

جەختیشی کردەوە ئەگەر لەبەر ھەندێک ھۆکار ئەوان لەو بابەتەوە تێوەبگلێن، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن و بەدواداچوون دەکەن،بەڵام عەمید یەحیا ڕەسوڵ، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی سوپای عێراق لەوەڵامی چەند پرسیارێکی خەنداندا ڕایگەیاند ئەو زانیاری نییە کە چەکەکانی ھاوپەیمانان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە ڕادەستی پێشمەرگە کرابێت.

جەختیشی کردەوە "ئەم بابەتە تایبەتە بە وەزارەتی پێشمەرگەوە کە ئەگەر ئەفسەرانی پێشەرگە چەکی ھاوپەیمانانیان فرۆشتبێت، پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات، و ئێمە وەکو وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی فیدراڵی ھیچ پەیوەندییێکمان بەو دۆسیەوە نییە."

لەسەر دۆسیەی فرۆشتنی چەکەکانی ھاوپەیمانان، بەرپرسانی وەزارەتی پیًشمەرگە و ھاوپەیمانان و سوپای عێراق لێدوانی جیاوازیان ھەیە، بەڵام ھەموو کۆکن لەسەر ئەوەی پێوێستە ئەوانەی تێوەگلاون سزا بدرێن.

News Code 16279

Your Comment

You are replying to: .
captcha