یه‌كێتی ‌و پارتی پاكێجێكی هاوبه‌ش بۆ به‌غدا ئاماده‌ ده‌كه‌ن/ داوای جێگره‌كه‌ی سه‌رۆک وه‌زیران ‌و دوو وه‌زاره‌تی سیادی عێراق ده‌كه‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- یه‌كێتیی نیشتمانی و پارتی دیموكرات هه‌ریه‌کیان پاكێجێكیان بۆ ئه‌نجامدانی دانووستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كاندا ئاماده‌ كردوووه‌ كه‌ بڕیاره‌ بۆ یه‌كخستنی كۆ ببنه‌وه‌ و له ‌نێو پاكێجه‌كه‌ی یه‌كێكیاندا جگه‌ له‌ سه‌رۆک كۆمار داوای جێگری سه‌رۆک وه‌زیران‌ و دوو وه‌زاره‌تی سیادی كراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی به ‌ژماره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ی هه‌فته‌نامه‌ی "ئاژانس"ی ڕاگه‌یاند: "یه‌كێتی و پارتی هه‌ریه‌كه‌یان وه‌ره‌قه‌یێكیان بۆ به‌شداری كردن له ‌حكوومه‌تی عێراق ئاماده‌ كردوووه‌ و وه‌ره‌قه‌كه‌ له ‌داخوازییه‌كانی كورد پێکهاتوووه‌ كه‌ شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ له ‌حكوومه‌تی داهاتوودا بنه‌مای گفتوگۆكانمانه‌."

ڕزگار عه‌لی ڕاشی‌گه‌یاند: "له‌گه‌ڵ پارتیدا كۆ ده‌بینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌یێكی هاوبه‌ش ڕێک بكه‌وین به‌رانبه‌ر به‌ به‌غدا."

هاوكات فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی به‌ "ئاژانس"ی وت: "ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی له‌ كۆتا كۆبوونه‌وه‌یدا 80%ی داخوازییه‌كانی یه‌كێتی ته‌واو كردوووه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ شاندی یه‌كێتی جێهێڵدراوه‌ كه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن".

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتیشی: "به‌شێک له ‌داخوازییه‌كان داوا كردنی پۆستی سه‌رۆک كۆماره‌ بۆ كورد، له‌ ناو كوردیشدا بۆ یه‌كێتی، له‌گه‌ڵ دوو وه‌زاره‌تی سیادی بۆ كورد پێمان باشه‌ جێگری سه‌رۆک وه‌زیران بۆ كورد بێت به‌ڵام ئه‌وه‌ ساغ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كام وه‌زاره‌ت داوا بكه‌ین."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی جه‌ختی کرده‌وه‌: "به‌شێكی‌تری داواكارییه‌كان په‌یوه‌ندیی به‌ پرسی مادده‌ی 140 و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ پشكی هه‌رێم له ‌بودجه‌ی عێراق ‌و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی پشكی پێشمه‌رگه."

له‌ به‌رانبه‌ردا شوان ته‌ها به‌رپرسی لقی 5ی پارتی له ‌به‌غدا به‌ "ئاژانس"ی وت: "له ‌داخوازییه‌كانی پارتیدا داوای شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌ش یه‌كێتی و پارتی كۆكن".

هه‌روه‌ها وتیشی: "موشكیله‌ی ئێمه‌ جێبه‌جێ نه‌كردنی ده‌ستووره‌ به ‌تایبه‌ت مادده‌ی 140 بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌یئه‌یێكی تایبه‌ت هه‌بێت ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بكات."

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16267

Your Comment

You are replying to: .
captcha