بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەمید روکن هەورامان محەمەد، جێگرى فەرماندەى گشتى هێزەکانى پشتیوانى دووى سەربە وەزارەتى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند: "بریارە کۆبونەوەیێکى هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگریى عێراق بۆ کارى هاوبەش ئەنجام بدرێت".
ناوبراو وتیشى: "لە کۆبوونەوەکەدا جم و جۆڵەکانى داعش و چۆنیەتیى ڕووبەڕوو بوونەوەى ئەو رێکخراوە باس دەکرێت".
مەسەلەى گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان بووەتە باس و خواسى زۆربەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بەتایبەت کە وێنەیێکى فەرماندەکانى پێشمەرگە و لیوا مەعن سەعدى فەرماندەى دژەتیرۆرى عێراق بڵاو بووبوویەوە، بەڵام دواتر هێزە عێراقیەکان لە بەیاننامەیێکدا هەر جۆرە رێکەوتنێکیان ڕەت کردەوە.
عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکوورى عێراقى حەشدى شەعبى، ڕەتی کردەوە هیچ رێککەوتنێک بۆ گەڕانەوەى پێشمەرگە ئەنجام درابێت و رایگەیاند: "ئێستا کاتى پێکهێنانى حکوومەتى عێراقە، هەر لایەنە و بۆخۆى قسە دەکات تا دەستکەوتى زیاتر بەدەست بهێنێت".
بڵاوبوونەوەى دەنگۆى گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان، لە کاتێکدایە داعش لە جم و جۆڵێکى فراواندایە و حکوومەتى عێراقیش رۆژى دووشەمە هێزێکى زۆرى پۆلیسى فیدرالى رەوانەى کەرکووک کرد بۆ ڕووبەروو بوونەوەى مەترسیەکانى ئەو رێکخراوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment