کوردپرێس:
شەوی چوارشەمە 14ی نیسانی 2021 دوو هێرشی مووشەکى لە سنوورى پارێزگای هەولێر کرایە سەر فڕۆکەخانەى هەولێر و بنکەیێکى سەربازی لە قەزاى شێخان.
میدیا کوردییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، ئامانجی هێرشە مووشەکییەکەى سەر فرۆکەخانەی هەولێر هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان بووە، هاوکات کونسوڵخانەى ئەمریکا لە هەولێر زەنگى ئاگادارکردنەوەى لێداوە.
هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشە سێ مووشەک ئاڕاستەى بنکەیێکى سەربازیى تورکیا لە ناحیەى زێلکانەى سەر بە قەزاى شێخان کراون.
دوای ئەوەی لە ناحیەی زێلکانەی سەر بە قەزای شێخان سێ مووشەک ئاڕاستەی بنکەیێکی سەربازیی تورکیا کرا، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، سەربازێکیان لە هەرێم کوژراوە و منداڵێکی دانیشووی گوندێکی سنوورەکەش بریندار بووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، سێ موشەک ئاڕاستە کراون کە یەکێکیان لە بنکە سەربازییەکەیاندا کەوتووەتەوە و دوو موشەکەکەی دیکە لە گوندێکی ناحیەی زێلکانەی کەوتووەتەوە.
هاوکات، غەیاس سورچی بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی مووسڵی یەکێتی بە ئێن ئاڕ تیی راگەیاند، گومان دەکرێت تورکیا سەربازی برینداری هەبێت، دەشڵێت، پێشمەرگە وەلامی هێرشەکانی نەداوەتەوە.
غەیاس سورچی راشیگەیاندووە، "مووشەکەکان هاوکات بووە لەگەل هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی هەولێر."
هەر ئەمشەو، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بیسترا و دەژەتیرۆری کوردستانیش وتبووی، "موشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرا."
رۆژی ١٥ی شوباتی ئەمساڵیش، ژمارەیێک موشەک ئاڕاستەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم کران.
رۆژی ١٢ی ئەم مانگەش، ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم دانپێدانانى چەند کەسێکى بڵاوکردەوە و باسی لەوە دەکرد، ئەو کەسانە ئەندامی داعش بوون و بە نیازبوون بە بۆمبى چێنراو و دەمانچەى بێدەنگ لە هەولێر چەند هێرشێک ئەنجام بدەن.
Your Comment