ڕێبوار تاڵه‌بانی: حکوومه‌تی عێراق ده‌زانێت که‌ که‌رکووک به‌ بێ پێشمه‌رگه‌ سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک ده‌ڵێت: حکوومه‌تی عێراق دان به‌وه‌دا ده‌نێت که‌ که‌رکووک و ناوچه‌ کوردستانییه‌کان به‌‌ بێ هێزی پێشمه‌رگه‌ سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک دووپاتی کرده‌وه‌ "حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕاهاتوووه‌ به‌ درێژاییی مێژوودا ده‌ستوور پێشێل بكه‌ن و مافه‌كانی كورد زه‌وت بكه‌ن و ده‌یانه‌وێت هه‌مان مێژوو دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌ڵام بۆیان نه‌چوووه‌ سه‌ر و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دژایه‌تی بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌یان له‌ که‌رکووک و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كرد،ئێستا خۆیان به‌ شه‌رمنانه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌ بێ هێزی پێشمه‌رگه‌ سه‌قامگیری به‌خۆیانه‌وه‌ نابینن."

ڕێبوار تاڵه‌بانی جه‌ختی كرده‌وه‌: "پێشمه‌رگه‌ ده‌یه‌وێت پارێزگاری له‌ که‌رکووک و ناوچه‌ کوردستانییه‌کان بكات چوونكه‌ شوێنی ڕه‌سه‌نی خۆیه‌تی و به‌شێكی دابڕاو نین له‌ كوردستان به‌ڵام هێزه‌كانی دیكه‌ "كه‌ به ‌نامۆ ناوی بردن" ناتوانن ئه‌و شوێنانه‌ بپارێزن چوونكه‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ نین."

تاڵه‌بانی وتیشی: "ئێستا ئه‌و هێزانه‌ که‌ له‌ شاری که‌رکووکدا ده‌ور ده‌گێڕن داوا له‌ خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ ده‌كه‌ن به ‌تایبه‌تیش له‌ كورد هه‌رچی زوووه‌ جلوبه‌رگی مه‌ده‌نیمان بۆ دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌ كاتی ته‌نگانه‌دا خۆمان له‌و قه‌یرانه‌ رزگار بكه‌ین كه‌ له ‌ڕێگه‌ی بڕیاری هه‌ڵه‌ی سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانمانه‌وه‌ خۆمان تووشی خۆمان كردوووه‌ و ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ كه‌ ئێستا خۆیان دان به‌و ڕاستییه‌دا ده‌نێن كه‌ پێویسته‌ جارێكی دیكه‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌."

ڕێبوار تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "هه‌ر كه‌سێک له‌ عێراق ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرتبێت سه‌ره‌تا هه‌وڵی داوه‌ پشتگیریی كورد به‌ده‌ست بهێنێت و دواتر مافه‌كانی كوردی پێشێل كردوووه‌ به‌ڵام هه‌میشه‌ كورد ویستوویه‌تی نیازپاكی خۆی نیشان بدات."

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نویی عێراقیش گوتی: "ماوه‌ی نزیكه‌ی 50 رۆژه‌ هه‌ڵبژاردن كراوه‌ كه‌چی تا ئێستا لایه‌نه‌كانی عێراق نه‌یانتوانیوه‌ حكوومه‌ت پێكبهێنن و ئه‌مه‌ش به‌هۆی ناكۆكی له ‌نێو ماڵی شیعه‌ و ڕێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كانی عێراقه‌‌."

تاڵه‌بانی له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌شڵێت: "له ‌دوای رووداوه‌كانی 16 ئوكتۆبه‌ر قه‌یس خه‌زعه‌لی سه‌ركرده‌ی عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌قی حه‌شدی شه‌عبی هاته‌ پردێ و گوتی هه‌ولێریش كه‌وته‌ ته‌ڵه‌ی ئێمه‌وه‌ بۆیه‌ به ‌لای منه‌وه‌ جێگای شه‌رمه‌زارییه‌ ئێستا كورد بچێت له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ دابنیشێت و حكوومه‌تی بۆ پێكبهێنێت كه‌ تاوانی جه‌نگی ئه‌نجام داوه و پاشانیش‌ كه‌ گه‌یشتنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ تانكی ئه‌برامز هێرشی سه‌رمان بكه‌نه‌وه‌‌."

تاڵه‌بانی له‌باره‌ی چاره‌نووسی كورد له‌ ئه‌گه‌ری مه‌ترسییه‌كانی په‌رته‌وازه‌یی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان گوتیشی: "دوای رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر هیچ تاكێكی كورد به‌و په‌رته‌وازه‌یییه‌ رازی نییه‌ كه‌ له ‌نێوان لایه‌نه‌كانی كوردستان به‌دی ده‌كرێت و ئه‌و لایه‌نانه‌ش كه‌ به‌ به‌رده‌وامی ده‌چوونه‌ به‌غدا و باسی نادادپه‌روه‌ری كوردستانیان ده‌كرد و هه‌موو نهێنییه‌كانی ناو ماڵی كوردیان له‌ به‌غدا باس ده‌كرد ئێستا بۆیان ده‌ركه‌وتوووه‌ كه‌ ئه‌وكاتیش هه‌ر ئه‌وان بوون كه‌ جێگای متمانه‌ نه‌بوون، هه‌تا لای نه‌یاره‌كانی كوردیش بۆیه‌ جێگای دڵخۆشییه‌ كه‌ ئێستا هه‌وڵێک لێیان به‌دی ده‌كرێت كه‌ ده‌یانه‌وێ دووباره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو بازنه‌ی نیشتیمانی."

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: "هه‌تا ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان خاوه‌نی ئه‌جێندای جیاوازیش بن به‌ڵام پێویسته‌ ئامانجێكی هاوبه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مایێكی نیشتیمانی و نه‌ته‌وایه‌تی كۆمان بكاته‌وه و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌نگاری نه‌یاران ببینه‌وه‌‌ به ‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا عێراق له‌ خراپترین دۆخدا تێده‌په‌ڕێت و پێویسته‌ كورد ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بقۆزێته‌وه‌ و به‌ر له‌ ئینتیمای سیاسی بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌موومان هه‌ر كوردین."

سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئاخۆ عێراق به‌و داواكارییه‌ ڕازی ده‌بێت كه‌ داوا له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاری كه‌ركووک دووپاتی کرده‌وه‌ "جێگای داخه‌ كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق هه‌موو عێراق و بگره‌ جیهانیشی به‌وه‌ چه‌واشه‌ كرد كه‌ له‌ شاری كه‌ركووک سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌ له ‌كاتێكدا نه‌یتوانی ته‌نیا چه‌كدارێكی داعشیش له‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ بكوژێت یانیش ده‌ستگیری بكات، ئه‌و كاته‌ی عه‌بادی بانگه‌شه‌ی بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی ده‌كرد داعشه‌كان خۆیان شارده‌وه‌ و ئێستا دووباره‌ ده‌ستیان به‌ چالاكییه‌كانیان كردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی عه‌بادی كردی پێشێل كردنی ده‌ستوور بوو له‌ داگیركردنی که‌رکووک به‌ڵام ئه‌وكاتیش ئێمه‌ ده‌مانزانی ئامانجی عه‌بادی داعش نه‌بوو به‌ڵكوو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی نه‌هێشتنی پێشمه‌رگه‌ بوو له‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه و ئێستاش عه‌بادی دركی به‌وه‌ كردوووه‌ كه‌ به ‌بێ بوونی پێشمه‌رگه‌ سه‌قامگیری ئه‌و شاره‌ مه‌حاڵه‌ و ته‌نیا 50 چه‌كداری داعش ده‌توانن ئه‌و شاره‌ داگیر بكه‌نه‌وه‌ هه‌روه‌ک چۆن له‌ كه‌وتنی مووسڵ رووی دا."

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16166

Your Comment

You are replying to: .
captcha