به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، بڕیاره ڕۆژانی 1 تا 5ی ته‌مووزی 2018 له قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر گفتوگۆكانی یه‌كه‌م ڕاپۆرتی خولی عێراق به په‌یماننامه‌ی عه‌ره‌بی بۆ مافی مرۆڤ ئه‌نجام بده‌درێت و شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداریی تێدا ده‌کات.
شانده‌که‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی دیندار زێباری ڕێكخه‌ری ڕاسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌شداری له‌و په‌یماننامه‌یه ده‌کات.
دیندار زێباری له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌یماننامه‌ی عه‌ره‌بی بۆ مافی مرۆڤ ده‌ڵێت: "له چوارچێوه‌ی شاندی عێراق كه پێكهاتوووه له چه‌ندین وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ی په‌یوه‌ندیدار له حكوومه‌تی فیدراڵ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدارن و ئه‌وانیش وه‌ک شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی دوایین لێكتێگه‌یشتنی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو وه‌زارتی ده‌ره‌وه و داد له گفتوگۆكان و پابه‌ندبوونه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی عێراق هه‌وڵی جیدی ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵێكی كارایان هه‌بێت و ئاستی حوكمڕانی له هه‌رێمی کوردستان و ته‌حه‌دیاته‌كان بخه‌نه ڕوو."
دیندار زێباری سه‌باره‌ت به ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌و گفتوگۆیانه ده‌شڵێت: "له‌م كۆبوونه‌وانه‌دا ئێمه چه‌ندین ته‌وه‌ری گرنگ ده‌خه‌ینه ڕوو وه‌ک به‌شداری كردنی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان له پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێشوازی كردن له ئاواره و په‌نابه‌ران و پاراستنی مافی ئافره‌تان، ڕۆڵی یاسا، ئازادی میدیا و راده‌ربڕین، مافی كرێكاران و كرێكارانی بیانی، مافی پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان، خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا، قه‌ڵاچۆ كردنی مادده هۆشبه‌ره‌كان، سزای له‌سێداره‌دان، ڕزگار كردن و هاوكاری كردنی قوربانیانی ده‌ستی داعش به تایبه‌تی كوردانی ئێزدی."
سه‌رچاوه: شارپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment