پارێزگار و لیژنه‌ی ئارامیی سلێمانی چه‌ند بڕیارێکی فه‌رمی ده‌رده‌که‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- لیژنه‌ی ئارامیی پارێزگای سلێمانی له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "لیژنه‌ی هاوبه‌شی هێزه‌كانی ناوخۆ كه‌ پێشتر به‌ فه‌رمانی پارێزگار پێكهێنراون بۆ بنه‌بڕكردنی تاوان‌ و دیارده‌ی چه‌كداری ‌و ئۆتۆمبێلی بێ‌ ژماره ‌و بێ‌ مۆڵه‌ت‌ به‌رده‌وام ده‌بیت."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌ک‌شه‌ممه‌ 1ی ته‌مووز له‌ دیوانی پارێزگای سلێمانیدا پارێزگاری سلێمانی سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ وردیی باس له‌ بارودۆخی ئاسایش و ئارامیی پارێزگاكه‌ و هه‌رێمی كوردستان‌و ناوچه‌كه‌ كرا و له‌ کۆتاییدا ڕاگه‌یه‌ندراوێکیان بڵاو کرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا سوپاسی هاووڵاتییان‌ و فه‌رمانگه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كراوه‌ كه‌ به‌ گیانێكی به‌رپرسانه‌ و نیشتمانییانه‌وه‌ ئه‌ركه‌كانی خۆیان جێبه‌جێ‌ كردوووه‌ و هاتوووه‌: "له‌پێناوی پاراستنی ئارامی ‌و ئاسایشی هاووڵاتییان و پارێزگاكه‌ماندا چه‌ند بڕیارێکمان داوه‌."

بڕیاره‌کان که‌ له‌ ١٤ خاڵ پێکهاتوووه‌ بریتین له‌:

یه‌كه‌م: به‌رده‌وام بوونی لیژنه‌ی هاوبه‌شی هێزه‌كانی ناوخۆ كه‌ پێشتر به ‌فه‌رمانی پارێزگار پێكهێنراون بۆ بنه‌بڕكردنی تاوان‌ و دیارده‌ی چه‌كداری ‌و ئۆتۆمبێلی بێ‌ ژماره‌ و بێ‌ مۆڵه‌ت‌ و هه‌ر سه‌رپێچییێكی‌تر.

دووه‌م: به‌رده‌وام بوونی هه‌ماهه‌نگی كردنی لیژنه‌ی ئارامیی شاری سلێمانی و لیژنه‌كانی قائیمقامییه‌تی سلێمانی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌تر بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و ڕێنمایییانه‌ی بۆ قه‌ده‌غه‌ كردنی دیارده‌ی سه‌رپێچی كردن ‌و زیاده‌ڕه‌وی ‌و خراپیی كوالێتیی ‌و سواڵكردن ‌و تێكدانی نه‌زمی گشتی و هه‌ر دیارده‌یێكی نه‌خوازراوی‌تر پێكهێنراون.

سێیه‌م: ده‌ستگیركردنی هه‌موو ئه‌و گومانلێكراوانه‌ی له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داوا كراون.

چواره‌م: هه‌ر كه‌سێكی بیانی كه‌ مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا پێدراوه‌ پێویسته‌ سێ‌ مانگ جارێک پشكنینێكی ته‌ندروستیی ڕه‌سمی بكات و به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ خۆیشی ‌و ئه‌و شوێنه‌یشی كاری تێدا ده‌كات به‌رپرسیار ده‌بن.

پێنجه‌م: هێزه‌كانی لیوای 1ی پاراستنی سلێمانی و پۆلیسی به‌رگری ‌و فریاكه‌وتن، هاوكار و هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی ناوخۆ و ئاسایش ده‌بن بۆ ڕێگرتن له‌ هه‌ر زیاده‌ڕه‌وی ‌و سه‌رپێچی كردن و هه‌ر دۆخێكی پێویست به‌پێی ڕێنماییی پارێزگاری سلێمانی.

شه‌شه‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌رگریی شارستانیی پارێزگای سلێمانی هه‌موو تیمه‌كانی ئاماده‌ ده‌كات بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو و ئاگركه‌وتنه‌وه‌یێک و له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕێنماییی پێویست پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتییان و فه‌رمانگه ‌و كۆمپانیاكان ده‌كات.

حه‌وته‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی دارستان ‌و ژینگه‌ی پارێزگای سلێمانی ڕێگری له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكی بیرهه‌ڵكه‌ندنی نایاسایی ده‌كات‌ و به‌پێی یاسا و له‌به‌ر ڕۆشناییی ڕێنماییه‌كانی پارێزگاری سلێمانیدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆسییه‌یه‌دا ده‌كات و هه‌روه‌ها به ‌وردی ڕێنماییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ پاراستنی دارستان ‌و ژینگه ‌و ڕاوكردن جێبه‌جێ‌ ده‌كات.

هه‌شته‌م: ڕێكخستنه‌وه‌ی گرتووخانه‌كان ‌و نه‌هێشتنی هیچ جیاوازی‌ و جیاكارییێک ‌و چاودێری كردنی وردیی شێڵته‌ر و خانه‌ و گرتووخانه‌ و دامه‌زراوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌تر.

نۆیه‌م: پێویسته‌ هه‌موو یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا بڕیار و ڕێنماییه‌كانی لیژنه‌ی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی جێبه‌جێ بكه‌ن.

ده‌یه‌م: لیژنه‌ی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی له‌ چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌روه‌ریی یاسادا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌رۆكی دادگاكان‌ و داواكاری گشتی ‌و دادوه‌ره‌كاندا كۆ ده‌بێته‌وه به‌ مه‌به‌ستی دانانی چوارچێوه‌یێكی یاسایی پته‌و بۆ چه‌سپاندنی یاسا و سزادانی تاوانباران.

یانزده‌یه‌م: ڕێكخستنه‌وه‌ی شوێن‌ و دامه‌زراوه‌ گه‌شتیارییه‌كان و شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌پێی ڕێنمایییه‌كانی پێشووی لیژنه‌ی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی.

دوانزده‌یه‌م: تیمی فریاكه‌وتنی هاوبه‌ش بۆ شوێنه‌ گه‌شتیاری و گشتییه‌كان پێكده‌هێنرێن.

سیانزه‌یه‌م: هه‌موو ئه‌م بڕیار و ڕێنمایییانه‌ به ‌بێ‌ جیاوازی و گوێدانه‌ پله ‌و پایه ‌و پۆستی كه‌سه‌ سه‌رپێچیكه‌ره‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێن.

چوارده‌یه‌م: پارێزگاری سلێمانی پشتیوانی و هاوكاریی پێویست پێشكه‌ش به‌ هه‌موو فه‌رمانگه ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانیان‌.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16160

Your Comment

You are replying to: .
captcha