هاوپه‌یمانی ڕاگه‌یێندراوێک له‌سه‌ر دۆخی ئه‌منیی که‌رکووک بڵاو ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هاوپه‌یمانیی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری ڕاگه‌یێندراوێکی له‌سه‌ر دۆخی ئه‌منیی شاری که‌رکووک بڵاو کرده‌وه‌ و رایگه‌یاند ره‌وشی شاره‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر ده‌چێت و پێویسته‌ كێشه‌ی که‌رکووک سه‌رجه‌م ناوچه‌ جێناكوكه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی ۱٤۰دا بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 1ی ته‌مووز هاوپه‌یمانیی دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی ئیداری و ئه‌منیی که‌رکووک و ره‌ت كردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی سه‌پاندنی ئه‌مری واقیع، ئه‌منی پارێزگای که‌رکووک ناچه‌سپێ به ‌بێ به‌شداریی كارای هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه ‌و مه‌ترسییه‌كان.

ده‌قی ڕاگه‌یێنراوه‌كه‌:

ماوه‌یێكه‌ ڕه‌وشی پارێزگای که‌رکووک به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر ده‌چێت و مه‌ترسییه‌كان له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ به ‌ڕاده‌یێک كه‌ ئاینده‌ و چاره‌نووسی ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و نادیاری و كاره‌ساتی نه‌خوازراو ده‌بات.

ده‌نگۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش و بڵاو بوونه‌وه‌ی گرووپی چه‌كداری نه‌ناسراو هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیی ڕاسته‌وخۆن له‌سه‌ر ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی داقوق و كاكه‌یی و دوبز.

درێژه‌دان به‌ سیاسه‌تی سه‌پاندنی ئه‌مری واقع له‌سه‌ر ئاستی ئه‌منی و ئیداری هه‌ڕه‌شه‌ی تێكدانی بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌ ده‌كات.

هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری 2018 و ده‌رهاوێشته‌ سه‌لبییه‌كانی له ‌ئه‌نجامی ساخته‌كاری له پرۆسه‌كه‌دا دۆخی سیاسی به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر بردوووه.

ئێمه‌ له‌ هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌ره‌وه‌ری به ‌پێویستی ده‌زانین هه‌ڵوێست و بۆچوونی خۆمان له‌سه‌ر پرس و كێشه‌كانی ئێستای که‌رکووک و دیدگای ئێمه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنیان له‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌وه‌دا بخه‌ینه‌ ڕوو:

یه‌که‌م: ئاسایی كردنه‌وه‌ی وه‌زعی ئیداری و ئه‌منیی که‌رکووک و ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی سه‌پاندنی ئه‌مری واقیع. ئه‌منی پارێزگای که‌رکووک ناچه‌سپێ به ‌بێ به‌شداریی كارای هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر که‌رکووک و اراستنی سه‌ر و موڵک و ماڵی دانیشتوانه‌كه‌ی.

دووه‌م: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ساخته‌كاری له ‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌ شێوه‌یێک كه‌ زامنی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌نگه‌ دزراوه‌كان بێت و شه‌رعییه‌ت بۆ پرۆسه‌كه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

سێیه‌م: پێویسته‌ كێشه‌ی که‌رکووک و سه‌رجه‌م ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی ۱٤۰دا بێت له‌گه‌ڵ پێداگریمان له‌سه‌ر كوردستانی بوونی ئه‌و ناوچانه.

چواره‌م: ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی و ئه‌منی و ئیداریی پارێزگای که‌رکووک له ‌ڕێگای دامه‌زراوه‌ ده‌ستووری و شه‌رعییه‌كانه‌وه‌ به ‌تایبه‌تی له ‌ڕێگای كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک و په‌له‌ كردن له ‌دانانی پارێزگار و دابه‌ش كردنی پۆسته‌كان به ‌شێوه‌یێكی عادیلانه‌ له ‌نێوان پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌دایه‌.

هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری

که‌رکووک

۲۰۱۸/۷/۱

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16158

Your Comment

You are replying to: .
captcha