سەرباری بژاردنەوەی دەستیی دەنگەکان پێداچوونەوە بە سەرجەم سکاڵاکانیشدا دەکرێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجومەنی کۆمسیاران ڕایگەیاند، ئەرکی ئەنجومەنەکە تەنها دووبارە حسابکردنەوەی دەنگەکان نییە، بەڵکوو دووبارە جیاکردنەوە و بژاردنەوەشیەتی بەگوێرەی یاسا و پەیڕەوەکانی یاسا کارپێکراوەکان، جگە لەوەش پێداچوونەوە بە سەرجەم سکاڵا و پێشێلکارییەکانیش دەکرێت کە ئاراستەی ئەنجومەنی کۆمسیارانی پێشوو کراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دادوەر لەیس حەمزە وتەبێژی ئەنجومەنی کۆمسیاران (دادوەرە دەستنیشانکراوەکانی کۆمسیۆن) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند: بەگوێرەی هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنەکان بەو شێوەیە نییە کە هەندێک بۆی دەچن و گوایە بریتییە لە دووبارە بژاردنەوەی دەنگەکان، بەڵکوو پرۆسەکە بریتی دەبێت لە جیاکردنەوە و بژاردنەوەی دەنگەکان بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان، هەروەها ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە بڕیاری دادگای فیدراڵیدا هاتووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو بابەتە پێویستی بەوەیە کە دووبارە سەری هەموو ئەو سکاڵا و پێشنیارانە بکرێتەوە کە پێشکەش بە ئەنجومەنی کۆمسیارانی پێشوو کراوە و سکاڵا و تانەکان جیا دەکرێتەوە کە داخوازی تایبەت بە بژاردنەوە و جیاکردنەوەی دەستی لەخۆ دەگرێت، هەروەک چۆن لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیدا هاتووە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، دواتر ئەو وێستگانە جیا دەکرێنەوە کە سکاڵایان لەسەرە و پاشان داوا لە نووسینگەکانی کۆمسیۆن دەکرێت جا لە بەغدا بێت یان لە پارێزگاکانی تر، وێستگەکانیان ئامادە بکەن کە ناتوانرێت بگوێزرێنەوە بۆ بەغدا و دواتر ئامادەکردنی سەرجەم سندووقەکانی تر بۆئەوەی ڕەوانەی بەغدا بکرێت بۆ ئەنجامدانی جیاکردنەوە و بژاردنەوەی دەستیی دەنگەکان.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرجەم ڕێوشوێنە یاساییەکان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی و نوێنەری باڵیۆزخانەکان و نوێنەرانی حزبە سیاسییەکان ئەنجام دەدرێت، دوای تەواو کردنی کارەکان ئەنجامی کۆتایی ڕادەگەیەنرێت، کە قابیلی ئەوەیە لەبەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان و دادگای پێداچوونەوە تانەی لێبدرێت، دواتر سەیری هەموو تانەکان دەکرێت و ئەنجامەکانیان ڕادەگەیێنرێت، لە کۆتاییدا ناوی سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنەکە ئاراستەی دادگای فیدراڵی دەکرێت بۆئەوەی ڕەزامەندییان لەسەر بدرێت بەگوێرەی دەستوور.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌ دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی فیدراڵی بڕیارێکی دەرکرد و تیایدا پشتگیری بڕیارەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات بۆ ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەستیی بەشێک لە دەنگەکان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 16145

Your Comment

You are replying to: .
captcha