هەڵسەنگاندنێکی تێپەڕ و زمانناسانەی «هەنبانەبۆرینە» /ئەحمەد ئەحمەدیان

بەشی فەرهەنگ- ئەحمەد ئەحمەدیان، توێژەری بواری زمانناسی بەبۆنەی 100ـەمین ساڵی لەدایکبوونی مامۆستا هەژار هەڵسەنگاندنێکی تێپەڕ و زمانناسانەی له سه‌ر کتێبی «هەنبانەبۆرینە» ده نووسێ.

کوردپرێس:

هەنبانە بۆرینە وشەدانێکی "کوردی-کوردی-فارسی"یە کە تا ئێستا پتر لە دە جار چاپ‌ و بڵاوکراوەتەوەو بە چەشنێکی بەربڵاو لەلایەن جمبوورەی جەماوەری ‌خەلک پێشوازی لێ کراوە.

ئەم پێشوازییە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر ناوو ناوبانگی دانەرەکەی. هۆکارگەلێکی‌تریش بۆ ئەم پێشوازییە پان و بەرین و هەمەلایەنەیە بوونی هەیه کە لەم وتارەدا بەکورتی دێتە بەرباس و لێدوان و تاوتوێی دەکرێ .

یەکەم هۆی ئەم پێشوازییە بەربڵاوە جیا لە ناو و ناوبانگی دانەرەکەی ڕادەی ڕێک و پێکی و گونجاوی هەمبەری واتایی سەروشەکان و پێکانی ڕاست و ڕێک و شیاوی مانای سەروشەکانە کە لە چەشنی هاوتای مانایی پڕبەپێستی سەروشەکاندا تۆمار کراوە.

ئۆتۆریتەی زمانزانیی مامۆستا هەژار وەک زمانزانێکی بلیمەت و بێ هاوتا، هۆکارێکی تری ئەم پێشوازییە لەڕادەبەدەریە کە هەرچەند لە بنەڕەت ڕا وەک تایبەتمەندییەکی زمانناسانەی کەسایەتیی مامۆستا هەژار وێنا دەکرێ ، بەڵام بۆ بەردەنگ و خوێنەری فەرهەنگ جیا لەو لایەن و بار و بوارە زمانناسانەیە، هەروەها هێما و هەوێنی متمانە پێکراوییەکی دەروونناسانەش لە ئەژمار دێت، ئەوەی کە ناسراوترین و ئاگادارترین و لێهاتووترین کوردیزانی سەردەم ئەو وشەدانەی نووسیوە خۆی لە خۆی دا متمانە و دڵئەرخەیانی‌یەکی لەڕادەبەر و بێ‌میناک ‌و بێ‌جێگرەوە دەدا بە خوێنەر و بەردەنگ بۆ کەڵک‌لێ وەرگرتنی دڵئەرخەیانانە لەم وشەدانە و لە هاوتای سەروشەکان.

یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ئەم پێشوازییە بێ‌وێنەیە دەگەڕێتەوە سەر بەشی فارسی ئەم وشەدانە کە بۆ هەر سەروشەیەی لانی‌کەم یەک و لانی زۆر پێنج هاوتای مانایی وەک هەمبەری وشەیی سەروشە سەرەکییەکە بە فارسی تۆمار کردووە و ئەم بەشە کەڵک و بەهره و سوودێکی زۆر بە "وەرگێڕان" دەگەیەنێ وەک کەرەسە و ئامێرێکی ڕێنوێنی‌کەر له بواری وەرگێڕانی فارسی - کوردی و کوردی-فارسی دا .

چاپی جوان و شیاوی ئەم فەرهەنگە لە لایەن وەشانخانەیەکی ناسراو و بەئەزموون و کارامە وەک "سروش" خۆی لە خۆی دا دەکرێ وەک هۆکارێک لەپەنا هۆکارە سەرەکییەکانی تر کە بوونەتە هۆی پێشوازی لەڕادەبەری بەردەنگان و خوێنەران لەم وشەدانە ، سەیر بکرێ و ئاوڕی لێ بدرێتەوە.

بەڵام ئەم وشەدانە هەڵگری تاقمێک کەم و کووڕیشە کە دەکرێ بەپەلە و بە چەشنێکی سەرپێیی و تێپەڕ ئاوا ئاوڕیان لێ بدەینەوە:

یه‌که‌م؛ کەم و کووڕی لە باری ڕادەی تۆمارکردنی تێکڕا یان زۆربەی هەرە زۆری سەروشەکان ، کە تەنیا نزیک بە 60000سەروشەی تۆمار کردووە ، تا ئەو جێیەی کە تا ئێستا 3 وشەنامەی سەربەخۆ لە قەبارەی پەڕتووکی 150 و 250 و 700 لاپەڕەیی چاپ و بڵاوبوونەتەوە کە هەڵگر و لەخۆگری ئەم وشانەن کە لە هەنبانەبۆرینەدا تۆمار نەکراوەن یان جیا لەو مانایانەی تۆمارکراون، مانای دیکەشیان هەیە یا ماناکەیان بە هەڵە لێدراوەتەوە(کە ڕادەی ئەم وشانەی بەشی دوایی زۆر کەمن).

دووهه‌م؛ تۆمارکردنی ناوەتایبەتییەکان واتە "عَلَم "ـەکان ، وەک سەروشە ،کە لە ڕادە و ڕێژەش دا زۆرن و بەرچاون ؛ ئەوە لە حاڵێک دایە کە لە فەرهەنگە"ئینسایکلۆپدیک" ـە کان دا و لە "زانستنامە"کان دایە کە دەکرێ و دەلوێ و دەگونجێ کە ناوەتایبەتییەکان وەک سەروشە تۆمارکەین نەک لە فەرهەنگ و وشەنامە "فیلۆلۆژیک"ـە کانی لەچەشنی هەنبانە بۆرینەدا.

سێهه‌م؛ ڕادەیەکی ئێجگار زۆر لەو وشانەی کە لە ئاسەواری پەخشانی مامۆستا هەژاردا هاتوون ، هەنبانە بۆرینە وەک سەروشە تۆماری نەکردوون و نەیگرتوون(جیا لەو وشانەی کە لە 3 وشەدانە ئاماژەپێکراوەکانی "حەسەن زادە" و "گەردیگلانی" و "ناهید" دا هاتوون) ؛ هەروەها وشەگەلێکی زۆر هەن کە لە ئاسەواری مامۆستا هێمن دا دەیانبینی بەڵام لە هەنبانە بۆرینەدا وەک سەروشە نەیگرتوون و نەیهێناون، هەربەوچەشنەش لە ئاسەواری زۆرێک لە شاعیرانی کلاسیک وناسراودا ؛ تەنانەت گەلێک لە وشەکانی پێشەکییەکەی هەنبانە بۆرینە ، لە ناو سەروشەکانی ئەم کتێبەدا نەهاتوون و مانا نەکراونەوە! ؛

چواره‌م؛ تایبەتمەندیی "cross refrence" لە هەنبانە بۆرینەدا نابێندری و بوونی نییە ؛ کە بریتییە لەوە کە سەرجەم ئەو تاک‌وشانەی وەک هەمبەری واتایی لە بەرانبەر سەروشەکان دا داندراون وتۆمار کراون دەبێ خۆیشیان بە چەشنی سەربەخۆ لە جێی شیاو و گونجاو وەک سەروشە تۆمارکرین و مانا لێ درێنەوە.

پێنجه‌م؛ هەنبانەبۆرینە پێداچوونەوە و ویراستی دووهەمی نییە و هەر بەو چەشنەی کە له چاپی هەوەڵ دا چاپ‌بووە، هەر ئاوا چاپ دەکرێتەوە و چ زانیارییەکی لێ کەم و زیاد نەکراوە ؛

شه‌شه‌م؛ وشە بیانییەکانی وا لە زمانەکانی تر ڕا هاتوونەتە ناو زمانی کوردییەوە و ئێستا موڵکی زمانی کوردین بەتایبەت ئەو وشە بە ڕەچەلەک عەڕەبییانە لە هەنبانە بۆرینەدا نەهاتوون.

حه‌وته‌م؛ نەبوونی جەستەی زمانی (پیکرەی زبانی Linguistic corpus) وەک کۆئەندامێکی زمانی گشتگیر وبەربڵاو کە پێکهاتووە لە سەرجەم دەقە زمانی و وێژەییەکانی کلاسیکی بەرهەمهاتوو لە درێژایی مێژووی ئەدەبیی ئەم زمانە و هەروەها دەقە زمانی و وێژەیی و ڕۆژنامەوانییە تۆکمە و هەڵبژاردەکانی کە وا لە مێژوویی ئەدەبی و کەلتووریی سەردەمی ئەم نەتەوەیە بەرهەم هاتووە؛ کە دەبێ لە ئیشی هەستیاری فەرهەنگنووسی دا وەک سەرینچاوە و ژێدەرێکی جێ‌متمانە و باوەڕپێکراوی زمانی هەم زانیاری بواری وشەنووسی و وشەناسی لێ هەڵێنجێندرێ و هەم یەکەم سەرچاوە بۆ دۆزینەوە و تۆمارکردنی ڕادە و ڕێژەی سەروشەکان لە ئەژمار بێت بۆ لێ‌هەڵێنجانی بارستایی وشەکان و سەروشەکان. بەڵام بۆ نووسینی هەنبانە بۆرینە لەم سەرچاوە زمانییە بەربڵاو و پێویستە کەڵک وەرنەگیراوە، هەربۆیە دەکرێ جیا لەو 3 وشەنامەیەی "گەردیگلانی" و "ناهید" و "حەسەن‌زادە" کە پێشتر ئاماژەیان پێدرا ، سێ ئەوەندەی تر پەڕتووک و کتێبی لەخۆگری وشە و سەروشەتۆمارنەکراوەکانی ناو هەنبانەبۆرینە بنووسرێت.

هه‌شته‌م؛ "زاراوە-لە-فرمان‌وەرگیڕاوەکان" و تەنانەت "زاراوە-لە-ناووەرگیراوەکان" و"زاراوە-لە-ئاوەڵناووەرگیراوەکان" و"زاراوە -لە-چاوگ‌وەرگیراوەکان"، هەر هەموویان دەبوو وەک "ژێر-سەروشە"(زیرمدخل sub entry) لە وشەدانێکی ئاوادا هاتبایەن و تۆمارکرابایەن کە نەنووسراوان و وازیان لێ‌هێندراوە.

نۆهه‌م؛ "فرمانە لێکدراوەکان"(compound verb)و"فرمانە فرێزییەکان"(phrasal verb) دەبوو وەک "ژێر-سەروشە" تۆمار کرابایەن و نووسرابایەن کە نەنووسراون و وازیان ڵێهێندراوە.

ده‌ هه‌م؛ کاتی خۆی تایبەتمەندیی دەنگناسیی‌سەروشەکان بە هێماکانی نێونەتەوەیی فۆنەتیک (International Phonetic Alphbet) بۆ سەرجەم سەروشەکانی هەنبانەبۆرینە لە لایەن خاتوونێکی سنەیی‌ ئاگادار لە زانستی زمانناسی بە ناوی خاتوو "ڕێزوان متوسسیل" وەک ئەرکێکی خۆبەخشانە و دڵسۆزانە چێ کراوە ، بەڵام لە دوا ساتەکانی چوونە ژێرچاپی هەنبانە بۆرینە، بەهۆکارێکی نەناسراو و نەنووسراو ، وازی لێ هێنراوە و سڕدراوەتەوە و بەم جۆرە هەنبانە بۆرینە بێ‌بەش بووە لەو تایبەتمەندییە ئەرێنی‌یە زۆر پێوێست و بەکەڵکە.

دیارە هەنبانە بۆرینە ، لەو وتارەدا ، لە بنەڕەت ڕا وەک "وشەنامە"(Thesaurus) سەیر کراوە ، نەک وەک "فەرهەنگ"(Dictionary) ، هەر بۆیە گەلێک توخم و بەش و تایبەتمەندی کە دەبێ "وشەدانێک هەیبێ تا وەک فەرهەنگ بناسرێ (و سروشتی یە کە هەنبانەبۆرینە وەک "وشەنامە"یەک ئەو تایبەتمەندییانەی نییە) ، لێرەدا نەهاتوونەتە باس و لێدوان.

بەڵام! تایبەتمەندییەکی تری بەهێز و ئەرێنی هەنبانەبۆرینە کە دەمهەوێ لێرەدا ئاماژی پێ بدەم و بە ئانقەست ڕامگرت بۆ کۆتایی وتاردانەکەم و دەرەنجام و ئاکامی باس و لێدوانەکەم ، تایبەتمەندیی "ڕەسەنایەتی" هەنبانەبۆرینەیه.

کاتی وشەدانەکان لە پۆلێن‌بەندی و دابەشکارییەکی گشتی دا بە دوو چەشنی "ڕەسەن" و "ناڕەسەن" دابەش‌دەکرێن کە بە پێی مۆرکەکان و تایبەتمەندییە بناخەییەکانی وا لە هەنبانەبۆرینەدا وەبەرچاو دەکەون ، بەبێ‌شک و گومان هەنبانەبۆرینە بە وشەنامەیەکی "ڕەسەن" وێنا و پێناسە دەکرێ.

"ڕەسەنایەتی" واتە ئەو چەمکەی وا لە ئینگلیسی دا پێی دەگوترێ :"originality" ، و وەک تایبەتمەندیی پێکهاتەیی و بناخەیی ئەم وشەدانانە باسی لێدەکرێ کە بۆ تۆمارکردنی وشەکان و سەروشەکان و ژێر-سەروشەکان و هەمبەرە واتاییەکانیان بە پێی ئەم "ڕەسەنایەتی"ـیە لە مێکانیزمی هاوکاتی "بەرهەم‌هێنان ، توێژینەوە ، دۆزینەوە و ڕۆنان" کەڵک وەرگیراوە.

مامۆستا هەژار بۆ نووسینی هەنبانەبۆرینە لەم گەنجینە و خەزێنە بیرگەیی و زمانییە کە لە زانستی زمانناسی دا پێی دەکوترێ" توانستی حاشاردراوی زمانی"یان(linguistic competence) یان "توانش زبانی" کەڵکی وەرگرتووە و بە پێی ئەم جەستە زمانییە(linguistic corpus ) بەربڵاوەی کە له چێشکەیەکی زمانزانانەی بێ‌هاوتا و بێ‌وێنەوە سەرچاوە دەگرێ و لە مێشک و زەین و بیرگەی‌ دا وەک زەریایەکی بێ‌بن لە درێژایی ژیانی دا کوێ کردووەتەوە و پیتاندوویەتی و قاڵی کردووە ، زۆر وردبینانە و وشیارانە و بەرپرسیارانە کەڵک و بەهرە و سوودی پێویست و شیاو و گونجاوی لێ‌وەرگرتووە . دیارە لە نەبوون و غیابی جەستەی زمانی واتە linguistic corpus وەک دیارترین و زانستی‌ترین و بەربڵاوترین و جێ‌متمانەترین ژێدەر و سەرچاوە بۆ ئیشی فەرهەنگنووسی و وشەنامەنووسی ،توانستی حاشاردراوی زمانی یان "توانش زبانی" یان (linguistic competence)ـی هۆنەر و نووسەر و وێژەر و زمانزانێکی ئاوا بلیمەت و هەڵکەوتە و بێ‌هاوتای وەک مامۆستا هەژار ، جێ‌متمانەترین و شیاوترین ژێدەر و سەرچاوە لە ئەژمار دێت بۆ "بەرهەم‌هێنان ، توێژینەوە ، دۆزینەوە و ڕۆنان"ی‌سەروشەکان و هەمبەرەواتاییەکانی ئاوا وشەدانێک.

بەڵام ڕێک بە پێچەوانەی "هەنبانەبۆرینە"و هەروەها "کورستان"ـی گیوی موکریانی و چوار وشەنامەکەی تری گیو و فەرهەنگی خاڵ" و فەرهەنگی زارەکی موکریان" و "فەرهەنگی ئایەتوڵڵا مەردۆخ" و "قامووسی زەبیحی " و "فەرهەنگی مێدیا"ـی پڕۆفسۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف و دوو فەڕهەنگە کوردی _ڕوسییەکەی پڕۆفسۆر قەناتی کۆردۆ (ڕووسی _سۆرانی و ڕووسی _کۆرمانجی) و فەرهەنگی ئینگلیسی _کوردی دوکتۆر حەمە ڕەشیدقەرەداخی و فەرهەنگی کوردیئینگلیسی دوکتۆر شەفیق قەزاز و فەرهەنگی کۆرمانجیئینگلیسی پڕۆفسۆر مایکڵ چایت و فەرهەنگی فەڕانسەکوردی ئێلێکساندر ژابا و فەرهەنگی هەرمان و پێنج شەش فەرهەنگی تری گشتی کوردی ، بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆری فەرهەنگەکان و وشەنامە کوردییە گشتی‌یەکانی‌وا لەم سی ساڵەی دوایی چاپ وبڵاو بوونەتەوە ، لە سەرچەشنی فەرهەنگ و وشەنامەی "ناڕەسەن" لەئەژمار دێن؛ لەبەراورد لەگەڵ هەنبانە بۆرینە و ئەم وشەنامە و فەرهەنگە گشتی‌یانەی وا ناوم هێنان.

بە پێی شێوازناسی و مێتۆدۆلۆژی هەڵسەنگاندن و نرخاندنی ئەم چەشنە بەرهەمانە و لەڕووی پێوانەکان و پێوەرەکانی زانستی لێکسیکۆلۆژی و لێکسیکۆگڕافی کە دوو لقن لە لقەکانی زانستی زمانناسی کردەیی ، فەرهەنگ و وشەنامەی "ناڕەسەن" تەنیا و تەنیا بە پێی ڕەوت و مێکانیزم‌گەلی " لەڕوونووسینەوە و کۆپی‌کردن و هەڵێنجان وەرگێڕان لە ڕووی فەرهەنگەکانی تری پێشوو" بەبێ ناوهێنانی سەرچاوە/سەرچاوە سەرەکییەکان و بەبێ هیچ چەشنە "بەرهەمهێان ، توێژینەوە ، دۆزینەوە و ڕۆنان"ـێکی کە لە ڕاستی دا پێویستی بە کەڵک وەرگرتن لە جەستەی زمانیی بەربڵاو(linguistic corpus) و کەڵک‌وەرگرتن لە توانستی حاشاردراوی زمانی دانەرەکەیەتی(linguistic competence) کە قاڵبوو و ئاوێتەکراوی چێشکەی زمانزانانەی زمانزانێکی پسپۆڕ و شارەزا ولێزانە وەک مامۆستا هەژار. بەدەستەوەدان و چاپ و بڵاوکردنەوەی وشەنامە و فەرهەنگە "ناڕەسەن"ـەکان دەبێتە هۆی خوڵقاندنی بارودۆخێکی چەواشە و قێزەونی کەلتووری وا کە بە زاراوەی " پەڕتووک‌سازی بە هۆی ڕێگری/کتاب‌سازی انتحالی"نێودێرکراوە و ئاماژەی پێ‌دراوە و پەتایەکی زۆر حەستەمی ڕووخێنەر و تێکدەر و بشێوێنەرە کە دەبێتە هۆی ڕووخاندن و ڕماندن و کاوڵ و کڵێس‌کردنی کۆشکی بەشکۆی فەرهەنگ و کەلتوور و زمان و بە تایبەتی تێکڕووخاندی بناغەی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی توێژینەوە و ئەخلاقی فەرهەنگی و بەگشتی تێکڕای بەها و پڕینسیپ و بایەخە ئەخلاقی و مۆڕاڵی و مڕۆڤییەکان.

بەوهیوایەی کە بۆ لەقاودان و لەهەڵڵادان و بنەبڕکردن و خاشەبڕکردنی پەتا و ڕەوتی چەواشە و قێزەونی "ڕێگریی ئەدەبی/انتحال"(plagiarism) و بەرگری لە مافی نووسەران و توێژەرانی و وێژەرانی خاوەن‌شکۆی گەلەکەمان تێکڕای هەڵسووڕاوانی بەمشوور و پەیجۆر و خاوەن هەڵوێستی بواری کەلتوور و وێژە و لێکۆڵینەوە و زمانەوانی ، بەچاونەترسییەوە و بە هەست و نەستێکی بەرپرسیارانە و ڕاسپێردراوانەوە تێبکۆشەن و نەسرەون و نەوەستن . بەهیوای ئەو ڕۆژە.

*ئەم یادداشتە بە بێ دەستکاری و ئێدیتی بەشی کوردیی کوردپرێس وەک خۆی بڵاو کراوەتەوە

News Code 1610

Your Comment

You are replying to: .
captcha