وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم و عێراق له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان ڕێككه‌وتن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق رێككه‌وتنێكیان له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و كارئاسانی كردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵیان واژۆ كرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه ‌كردوووه‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 28ی حوزه‌یران كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی عێراق به‌ سه‌رپه‌رشتیی كه‌ریم شه‌نگالی وه‌زیری ناوخۆ و مه‌هدی عه‌لاق ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ به ‌مه‌به‌ستی ئاسانكاری كردن بۆ گێڕانه‌ی ئاواره‌كانی نه‌ینه‌وا بوووه ‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ رێككه‌وتنێک واژۆ كراوه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ ره‌وشی ئاواره‌كانی مووسڵ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم كراوه‌ و كۆسپه‌كانی به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنه‌كانی پێشووی خۆیان و كاركردن بۆ لابردنی ئه‌و كۆسپانه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراوه‌.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته ‌ڕوو بڕیار دراوه‌ لیژنه‌یێكی هاوبه‌ش له‌ ئه‌میندارێتیی گشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و بنكه‌ی هه‌ماهه‌نگیی قه‌یرانه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم پێكبهێنرێت به‌ مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی نێوان هه‌ر دوو پارێزگای دهۆک و هه‌ولێر و پارێزگای نه‌ینه‌وا و كردنه‌وه‌ی ڕێگاوبانه‌كان به‌ مه‌به‌ستی ئاسانكاری كردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان و چالاک كردنی بازرگانیی له‌و نێوانه‌دا.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم ڕوونیشی كردوووه‌ته‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ژماره‌یێک بڕیار ده‌ركراوه‌ به‌ مه‌به‌ستی دابین كردنی شایسته‌دارایییه‌كان بۆ كچه‌ كورده‌ ئێزدییه‌ ڕزگاربوووه‌كان و پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان و دابین كردنی پێداویستییه‌كانی ئاواره‌كان له‌و شوێنانه‌ی بۆی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16082

Your Comment

You are replying to: .
captcha