کوردپرێس:
محەمەد حاجی عومەر، لێپرسراوی كۆمیتەی یەكێتی لە قەرەتەپە، رایگەیاند، سوپا و هێزە ئەمنیەكانی عێراق تەنها لەسەر رێگا سەرەكییەكانی ناوچەكە بوونیان هەیە، بە جۆرێك لەسنووری ناحیەی قەرەتەپە كە 60 گوند لەخۆدەگرێت و نزیكە لەچیای حەمرینەوە، تەنها لە پێنج گوند هەن و لەگوندەكانی دیكە، تیرۆریستانی داعش تەراتێن دەكەن.
ناوبراو وتیشی:" دانیشتووانی ناو ناحیەی قەرەتەپە، ترسیان لەو دۆخە و بوونی تیرۆریستانی داعش لە سنوورەكە هەیە، بۆیە لەماوەیێكی كەمی رابردوودا چەندین خێزان لەهەموو پێكهاتەكانەوە بەهۆی ئەو ترسەوە، بەناچاری قەرەتەپەیان بەجێ هێشتووە و لەناحیەی رزگاری و قەزای كفری نیشتەجێ بوون".
بەوتەی بەرپرسەكەی یەكێتی، هێزە عیراقییەكانی سنوورەكە كەمتەرخەمن لەبەرامبەر بوونی داعش و تەنها سەرقاڵی وەرگرتنی بەرتیلن لەهاوڵاتیان.
ئەوەشی وت:"لەنێوان هەردوو ناحیەی قەرەتەپە و جەلەولا، كە نزیكەی 45 گوندی لێیە، هیچ هێزێكی عیراقی لێ نییە، بۆیە ئێستا بۆتە رێگای رووتاندنەوەی هاووڵاتیان و شوێنی جەردەو تیرۆریستان".
هۆشداری ئەوەشی دا، لەئەگەری بەردەوامبوونی دۆخە بەو شێوەیەی ئێستا، هاوشێوەی ساڵی 2014 سوپای عیراق بەرامبەر بە داعش دەڕوخێت و ناوچەكە بۆ تیرۆریستان چۆڵ دەكەن.
Your Comment