یه‌كێتی په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی هه‌ده‌په‌ ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به ‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی توركیا وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ و سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ به‌ بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی تورکیا په‌یامێکی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی هه‌ده‌په‌ کرد و هیوای ئه‌وه‌ش ده‌خوازێت ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ببێته‌ هه‌وێنی به‌هێزبوونی دیموكراسی و دووباره‌ ژیانه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی و گفتوگۆی راسته‌قینه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی توركیا.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

به‌ڕێز/ په‌روین بوڵدان

به‌ڕێز/ سێزایی ته‌مه‌لی

هاوسه‌رۆكانی پارتی دیموكراتی گه‌لان HDP

به‌ڕێز/ سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش/ هاوسه‌رۆكی پێشووی HDP

سڵاوێكی گه‌رم...

به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانتان و تێپه‌ڕاندنی مه‌رجی 10%ی ده‌نگه‌كان له‌ هه‌ڵبژرادنی په‌رله‌مانی توركیا گه‌رمترین پیرۆزباییتان ئاراسته‌ ده‌كه‌ین و هیوادارین ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و سه‌ركه‌وتنه‌كانی پارتی دیموكراتی گه‌لان و ئاماده‌ییی نوێنه‌ره‌كانتان له‌ هۆڵی په‌رله‌مانی توركیا ببێته‌ هه‌وێنی به‌هێزبوونی دیموكراسی و سه‌قامگیری سیاسی و دووباره‌ ژیانه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی و گفتوگۆی ڕاسته‌قینه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی توركیا به ‌‌ئامانجی كۆتایی هێنان به‌ ئاشووب و كێشه‌ و ململانێیه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزگرتن له‌ ماف و داخوازییه‌كانی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كان.

هاوكات هیواخوازین ببێته‌ قۆناغێكی نوێ له‌ خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی و له‌یه‌كترگه‌یشتن و كرانه‌وه‌ی زیاتر و پره‌نسیپی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانی گه‌لانی توركیا و وێستگه‌یێک بێت بۆ ئازاد كردنی زیندانیانی سیاسی له‌ نێویاندا په‌رله‌مانتاران و ھاوسه‌رۆكانی پێشووی ھه‌ده‌په‌.

جارێكیتر سه‌ركه‌وتنه‌كانتان لێ پیرۆز ده‌كه‌ین.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌

وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان

2018.06.27

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16045

Your Comment

You are replying to: .
captcha