کوردپرێس:
ئەگەرچی سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان توانیی بۆ ماوەی 5 ساڵی دیکە سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە بەدەستەوە بگرێتەوە بەڵام بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە لە پەڕلەمانی تورکیا ناچار بوو لەگەڵ نەتەوەخوازە ڕایدکاڵەکان هاوپەیمانی پێک بهێنێت چوونکە حیزبەکەی خۆی تەنها سەدا 43ی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو.
بەوتەی پڕۆقیسۆر محەمەد ئەیووب کە مامۆستای خانەنشینکراوی زانکۆی میشیگان و توێژەری پەیمانگای سیاسەتی جیهانییە ئەو هاوپەیمانێتییە مانای ئەوە دەبێت کە ئەردۆغان بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە ناچارە مل بە خواستی مەهەپە بدات کە خاڵی سەرەکیی داواکانیان دژایەتی کردنی کوردە.
محەمەد ئەیووب لە وتارێکی ماڵپەڕی ئەنتەرنەشناڵ ئینتەرسەت دەڵێت: پێ دەچێت پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێوان ئەردۆغان و مەهەپە، ئەردۆغان ناچار دەکات بەردەوام بێت لە شەڕی دژ بە کوردی سووریا و پەکەکە بۆیە پێوەندیی تورکیا و ئەمریکا بەردەوام ناکۆک دەبێت لەبەر ئەوەی ئەمریکا هاوپەیمانی کوردی سووریایە.
ناوبراو هەروەها پێشبینیی ئەوەشی کردووە کە هێرشی تورکیا بۆ چیای قەندیل لە باکووری عێراق بەردەوام دەبێت و خەتاباری ئەو هێرشانەش پەکەکەیە. ئەو بابەتەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لە تورکیا دوور بکەوێتەوە پێچەوانەی ئەو ماوەیەی دوایی کە لەبەر وابەستەیی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تورکیاوە بێدەنگ بوو بەرانبەر بە جووڵەی سەربازی و سنووری بەزاندنی هێزی سوپای تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.
Your Comment