سیستەمی ئێمە دەسەڵاتێکی بەهێز لە سووریایە

بەشی سووریا- سەرۆک وەزیرانی کانتۆنی جزیرە ڕایگەیاند: هیچ هێزێک ناتوانێت هێزی ئێمە و خەڵکی ئێمە لە سووریا لەبەرچاو نەگرێت.

عەبدولکەریم سارۆخان سەرۆک وەزیرانی کانتۆنی جزیرە لەگفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێسدا وتی: ئێمە خۆمان بۆ ڕۆژانی پاش شەڕ ئامادە دەکەین و کەس ناتوانێت هێزی ئێمە لە سووریا لەبەرچاو نەگرێت. خەڵکی ئێمە خۆیان هەم لەشەڕی 7 ساڵەی سووریا، سەلماند هەم لەشەڕی تیرۆریزم و هەم لە کاروباری یارمەتی گەیاندن بە ئەتنیکەکانی دیکەی سووریا، بۆیە شایانی هەموو چەشنە ڕێز و حورمەتێکن.

ناوبراو درێژەی دا: ئێمە بەشێکی هەمیشەیی سووریاین و لە داهاتووی سووریا ڕۆڵ دەگێڕین و بە هاوکاریی دیکەی گرووپەکانی سووریا، سووریا سەرلە نوێ بونیات دەنینەوە.

ئەو بەرپرسە باڵای کوردە لەبارەی دەنووستان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی وتی: دەرگای سیاسەتی ئێمە لەڕووی هیچ شتێکدا نەبەسراوە و ئەگەر پێویست بێت بۆ داهاتووی سووریا لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەوان دەوڵەتی ناوەندیی سووریا لەسەر مافی خەڵکەکەمان گفتوگۆ دەکەین.

سارۆخان وەبیری هێنایەوە: ئەگەر لەلایەن حکوومەتەوە ئیرادەیێک بۆ گفتوگۆ کردن بوونی هەبێت، گفتوگۆ کارێکی ئەستەم نییە و دەتوانین بۆ دەستەبەر بوونی مافی خەڵکی سووریا دانووستان بکەین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 16020

Your Comment

You are replying to: .
captcha