په‌رله‌مانی کوردستان هه‌مبه‌ر جموجۆڵی سه‌ربازیی سوپای تورکیا بێ‌هه‌ڵوێست نه‌بوووه‌/ پێویسته‌ به‌غدا دیفاع له‌ خاک و وه‌ته‌ن بکات

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی پارتی دیموکرات ڕه‌خنه‌کان له‌باره‌ی بێ‌هه‌ڵوێستی و بێده‌نگیی په‌رله‌مانی کوردستان هه‌مبه‌ر جموجۆڵی سه‌ربازیی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هه‌رێم ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: پێویسته‌ دیفاع له‌ خاک و وه‌ته‌ن بکات.

کوردپرێس- له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی سوپای تورکیا له‌ ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان و تۆپبارانی هه‌ندێک ناوچه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن سوپای تورکیاوه‌ چڕ بۆته‌وه‌ و هێزه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ تاکوو قووڵاییی 30 کیلۆمه‌تریی باکووری عێراق پێشڕه‌وییان کردوووه‌.

پاساوی سوپای تورکیا بۆ هێرش‌کردنه‌ سه‌ر ناوچه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بوونی هێزی په‌که‌که‌ له‌و ناوچانه‌یه‌ و له‌م نێوانه‌دا هه‌ندێک ڕه‌خنه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان گیراوه‌ به‌ بۆنه‌ی بێده‌نگی و بێ‌هه‌ڵوێستی هه‌مبه‌ر جموجۆڵی سه‌ربازیی سوپای تورکیا.

شیلان جه‌عفه‌ر سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی کاروباری پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌باره‌ی تۆپبارانی ڕۆژانه‌ و زیاتر بوونی جموجۆڵی سه‌ربازیی سوپای تورکیا له‌ ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان به‌ کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: هاتنی سوپای تورکیا یان هه‌ر هێزێکی بیانی دیکه‌ بۆ ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان ئیدانه‌ ده‌که‌ین چوونکه‌ ئه‌وه‌ پێشێل کردنی سه‌روه‌ریی یاسایه‌ و پێویسته‌ حکوومه‌تی عێراقیش دیفاع له‌ خاک و وه‌ته‌ن بکات و هه‌ڵوێستی هه‌بێت.

ناوبراو ڕه‌خنه‌کان له‌باره‌ی بێ‌‌هه‌ڵوێستیی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ به‌رانبه‌ر جموجۆڵی سه‌ربازیی تورکیا بۆ ناو خاکی هه‌رێم ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و ده‌شڵیت: به‌و شێوه‌ نییه‌ که‌ له‌ به‌رانبه‌ر جموجۆڵی سه‌ربازیی سوپای تورکیا له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان بێ‌هه‌ڵوێست بووبێتین، په‌رله‌مانی کوردستان هه‌میشه‌ ئه‌و هێرشانه‌ی ئیدانه‌ کردوووه‌ و زۆربه‌ی کاتیش ڕاگه‌یێندراومان هه‌بوووه‌ و باسمان له‌ شکاندنی سه‌روه‌ریی وڵاتێکی‌تر کردوووه‌.

له‌ کۆتاییدا ئه‌و نوێنه‌ره‌ی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان وتیشی: حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش له‌ به‌رانبه‌ر داپه‌ڕ و له‌شکرکێشیی سوپای تورکیا بێ‌هه‌ڵوێست نه‌بوووه‌ و به‌ شێوه‌ی ئاشکرا و عه‌له‌نی هه‌ڵوێستی خۆی له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ڕاگه‌یاندوووه‌.

لێدوانه‌کانی نوێنه‌ری پارتی دیموکرات له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌سه‌ر ئیدانه‌کردنی جموجۆڵی سه‌ربازیی تورکیا له‌ خاکی هه‌رێمی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ئه‌بووبه‌کر عومه‌ر نوێنه‌ری یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مان ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان به‌ بێده‌نگی له‌ به‌رانبه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی سوپای تورکیا تۆمه‌تبار ده‌کات و ده‌ڵێت په‌رله‌مانی کوردستان جێگایێک بۆ نیقاشی نێوان حیزبه‌کانه‌ و تاکوو ئێستا کارێک له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ستراوه‌ به‌ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار واتا پارتی و یه‌کێتی. ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو حیزبه‌ له‌ به‌رانبه‌ر جموجۆڵی سه‌ربازیی سوپای تورکیا بێ‌هه‌ڵوێست بن هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانیش هه‌مان ده‌بێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16002

Your Comment

You are replying to: .
captcha