كۆمیسیۆن هۆكاری درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی تۆمار كردنی هاوپه‌یمانێتییه‌كان ئاشكرا ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم ڕوونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر دووباره‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی تۆماركردنی هاوپه‌یمانێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌دات و به‌رپرسێكی كۆمیسیۆنیش ڕه‌تی ده‌کاته‌وه‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای هه‌ندێک لایه‌نی سیاسی بووبێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شۆڕش حه‌سه‌ن به‌ڕێوبه‌ری ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان له ‌كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم ده‌ڵێت: درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی تۆماركردنی هاوپه‌یمانێتییه‌كان بۆ چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌سه‌ر داوای هیچ لایه‌نێكی سیاسی نه‌بوووه‌ به‌ڵكوو په‌یوه‌ندی به‌و خشته‌ كاتییه‌وه‌ هه‌بوووه‌ كه‌ كۆمیسیۆن ڕای‌گه‌یاندبوو.

ناوبراو وتیشی: "به‌شێكی ئه‌و خشته‌ كاتییه‌ كه‌وته‌ به‌ر پشوووه‌كانه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و وادانه‌ی ئێمه‌ داماننابوو."

له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم دوو جار ئه‌و ماوه‌یه‌ی درێژ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ تۆماركردنی هاوپه‌یمانێتی دیاری كرابوو.

به‌رپرسه‌كه‌ی كۆمیسیۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد دوای تۆماركردنی قه‌واره‌ سیاسییه‌كان و په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیارانه‌وه‌ سێ لایه‌ن كه‌ تۆماركردنی ناوه‌كانیان ره‌تكرابوویه‌وه‌‌ تانه‌یان له‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن داوه و ئێستا تانه‌كه‌یان له ‌دادگایه ‌و ده‌بێت دادگا یه‌كلایی بكاته‌وه‌.

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: پێویسته‌ دادگا تانه‌ی ئه‌و سێ لایه‌نه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌ چوونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان وه‌ربگیرێن ئه‌وكاته‌ پێویسته‌ ئه‌و مافه‌یان پێبدرێت كه‌ ره‌نگه‌ داوای هاوپه‌یمانێتی بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15962

Your Comment

You are replying to: .
captcha