بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تاوەکوو پێش نیوەڕۆ زۆربەی سەرۆکی پارتەکان و بەرپرسانی حکوومەت دەنگیان دا و هەندێکیشیان دوای دەنگدان، پەیامی تایبەتییان هەبوو.
بەربژێری ئاکپارتی بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان، کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئیستەنبوڵ دەنگی دا رایگەیاند: "تا ئێستا زیاتر لە 50%ی هاونیشتمانییان دەنگیان داوە، واتا رێژەی بەشداری کردن باشە... ئەو رێژە زۆرەی بەشداری کردن لە دەنگدان، نیشانی دەدات دیموکراسییەت لە تورکیا تا چ ئاستێک پێشکەوتووە. بەم هەڵبژاردنە تورکیا شۆڕشێکی دیموکراسی ئەنجام دەدات".
بەربژێری هەدەپە بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ پەرلەمانتارێکی پارتەکەی لە گرتووخانەی ئێدرنە دەنگیان دا.
سەڵاحەدین دەمیرتاش دوای دەنگدانەکەی لە رێگای توویتەرەوە پەیامێکی ئاراستەی دەنگدەران کرد و داوای لێکردن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بۆ داهاتوو و دیموکراسی تورکیا بدەن.
هاوسەرۆکی هەدەپەش لە وان دەنگی دا و دواتر بە گرنگییەوە دەربارەی ئەم هەڵبژاردنانە رایەگەیاند: "ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە هیوایێکی گەورە، لە سەرتاسەری تورکیا پێکەوە دەچینە سەر سندووقی دەنگدان. چاودێران و نوێنەرانەکانمان و هەموو کەس چاودێری هەڵبژاردنەکان دەکەن. رۆژێکی خۆشە و رۆژێکی پڕە لە هیوا. لەو باوەڕەدام ئەم هیوایە بۆ سبەی و داهاتوو دەگوازینەوە. ئامانجمان بەدەست هێنانی هەشت کورسییە واتە 8-0 ئەنجامەکەی دەبێت".
بەرپرسانی پارتی دەسەڵاتداریش دوای دەنگدان بۆ رۆژنامەنووسان قسەیان کرد و بە گرنگییەوە باسیان لەم هەڵبژاردنانە کرد.
بیناڵی یڵدرم، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند: "بە سیستەمێکی نوێ تورکیا هەنگاو بەرەو ئامانجی نوێ و ئاسۆیێکی گەش دەنێت. بە ئارامی و سەقامگیری بەرەو پێشەوە دەچێت و ئامانجەکانی دەپێکێت. هیوادارم ئەم هەڵبژاردنە خۆشی و برایەتی و ئاسوودەیی زیاتر فەراهەم بکات".
سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش دوای دەنگدانی لە بنکەیێکی ئەنقەرە گوتی، نابێت هەڵبژاردنەکان بخرێنە دۆخێکی گوماناوییەوە. کەمال کلیچدارۆغڵو داوای لە فەرمانبەرانی دەوڵەتیش کرد نەچنە ژێر باری هیچ گوشارێکەوە بۆ ئەوەی دەنگ بە لایەنێکی دیاریکراو بدەن.
سەرۆکی ئیی پارتی و بەربژێری ئەو پارتەش بۆ سەرۆککۆماری تورکیا بە گرنگیەوە باسی لە هەڵبژاردنەکان کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، نابێت هیچ پارت و لایەنێک ناڕەزایی خۆی لە بەرامبەر بژاردەی دەنگدەران نیشان بدات.
مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی رایگەیاند: "دەکرێت زۆر شت لە نێوان لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام تاکە شت کە ناکرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت بژاردەی دەنگدەرانە، کە لە ئەنجامی سندووقەکان دەردەکەوێت. کەس ناتوانێت لە بەرامبەر خواستی دەنگدەران ناڕەزایەتی پیشان بدات، شتی هەرە گرنگ ئیرادەی ئازادە کە دەنگدەر بژاردەی خۆی لەو چوارچێوەیە دیاریدەکات و لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیشدا بەدیار دەکەوێت".
هەڵبژاردنەکانی رۆژی یەکشەممەی تورکیا بۆ پڕکردنەوەی 600 کورسی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە بۆ ئەو وڵاتە.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
کۆۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment