دژی جووڵەی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان سبەینێ لەسلێمانی رێپێوانێک ئەنجام دەدرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرەی نیشتیمانی دژی داگیرکاریی سبەینێ لە شاری سلێمانی رێپێوانێک دژی داگیرکاریی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات.

کوردپرێس:

سەبارەت بە ئامانجی ڕێپێوانەکەی سبەینێ خەندە ئازاد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی بەرەی نیشتیمانی دژی داگیرکاریی ئەمڕۆ بە خەندانی ڕاگەیاند" رێپێوانەکە دژی دەستێوەردان و سنوربەزاندنی تورکیایە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئێمە دژی ھەموو داگیرکارییەکین بۆسەر باشووری کوردستان."

ووتیشی " ڕێپێوانەکە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ لە شەقامی سالم (سەھۆڵەکە)ەوە دەست پێدەکات بۆ بەردەم پارکی نالی، و مۆڵەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئاسایشمان بۆ وەرگرتووە."

سەبارەت بەبەرەکەیان، ئاماژەی کرد بەوەی"ئەو بەرەیە بەرەیەکی سەربەخۆیە و دژی داگیرکارییە و ئەو کەسانەی لەناو بەرەکەدان کەسانی سەربەخۆ و فرەلایەنن و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەخۆدەگرێت، و ھەر کەسێکیش بێتە ناو بەرەکەوە دەبێت بێلایەنی خۆی بپارێزێت."

ڕوونیشی کردەوە بەرەکە لە سێی ئەم مانگەوە دامەزراوە و ھەتا ئێستا چوار کۆبونەوەی ئەنجامداوە، و دەستەی بەڕێوەبردن لە حەوت ئەندام پێک دێت، پێنج ئەندام لەناوخۆی کوردستان و دوو ئەندامیش بۆ دەرەوەی ھەرێمی کوردستان.

"ھاوبەشیتان ھەڵوێست و ئەرکێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی و ئاینیی و ئەخلاقییە" خەندە ئازاد لە بانگەوازێکدا لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وای نووسیوە.

نزیکەی مانگێکە بەپاساوی بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) لە چیاکانی قەندیل و چەند ناوچەیەکی سنوریی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا،سوپای تورکیا لەشکرکێشی زەمینی بۆ ناو قوڵایی دەیان کیلۆمەتری خاکی کوردستان ئەنجامداوە و رۆژانە فرۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە بۆمبارانی گوند و کوێستانەکانی قەندیل دەکەن، و زیانێکی ماڵی زۆریان بە گوندنشینانی ھەرێم گەیاندووە و ترس و دڵەڕاوکێان لای گوندنشینان دروستکردووە.

لەئەنجامی سنوربەزاندنەکەدا چەندین شەڕی قورس لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیادا ڕوویداوە و ھەتا ئێستاش شەڕەکان بەردەوامن.

News Code 15839

Your Comment

You are replying to: .
captcha