کوردپرێس:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە توویتێکدا نووسیویەتی، لەم کاتە سەختەدا بیری لای بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، خێزان و خەڵکی بەریتانیایە و نزا و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ دەخوازێت.
رۆژی یەکشەممە حکوومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، بەهۆی "خراپتربوونی" نیشانەکانی کۆرۆنا لە سەری، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا خراوەتە ژێر چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ڕاسپارد بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی.
بۆریس جۆنسن، تەمەنی 55 ساڵانە و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیایە. لە 27ـی مانگی رابردوو لە ڤیدیۆیێکدا رایگەیاند، نیشانەکانی کۆرۆنای تێدا دەرکەوتووە و خۆی کەرەنتین دەکات. کە یەکەم سەرۆکی وڵاتێکی زلهێز بوو ئەو هەواڵە رابگەیێنێت.
بۆریس جۆنسن بە دۆستی کورد دەزانرێت و لە ساڵی 2015ـدا لەکاتێکدا شەڕی داعش لە دووری چەند کیلۆمتەرێک بوو، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و هێزەکانی پێشمەرگەی بەسەر کردەوە، پاشان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەشتێکیان بەنێو بازاڕی هەولێردا کرد و لە چایخانەی مەچکۆ، کە لەدەروازەی قەڵای هەولێرە، چایان خواردەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment