ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: مووچەی فەرمانبەران دەستکاری ناکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت کۆ بووەوە.

کوردپرێس: لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک دەربارەی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و لێکەوتە ئابوورییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و هەوڵەکانی ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجییەکان لە هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشکەشکرا.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای کەم بوونەوەی رێژەیێکی زۆری داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکوومەت هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە هاووڵاتییان بگات. گوتیشی: کاری ئێستای حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاراستنی تەندرووستی هاووڵاتییان و دابین کردنی خۆراک و دەرمان و مووچەیە.

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری دا کە بەرنامەی ئەنجومەنی وەزیران دابین کردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەت و دەستکاری نەکردنیەتی، هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریان دا نیوەی مووچە و دەرماڵەی دوومانگی خۆیان ببەخشن بە گەنجینەی حکوومەت بۆ ئەوەی بە سەر خەڵکانی کەمدەرامەت دابەش بکرێت.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا رەشنووسی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسانکاریی جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی ژمارە (2) ی ساڵی 2020 خرایە روو. ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی کردەوە بە ئاڕاستەی زامن کردنی شایستەداراییەکانی مووچەخۆری شایستە و لە دوای گفتوگۆ بە کۆی دەنگ پڕۆژەی پەیڕەوەکە پەسەند کرا بە چەند گۆڕانکارییەکەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 158207

Your Comment

You are replying to: .
captcha