کوردپرێس:
ڕۆژی دووشەمە 11ی خاکەلێوەی 1399 کیانووش جەهانپوور وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دواین ئاماری لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیاند و بە گوێرەی ئامارەکان لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 3186 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئێران تۆمار کراوە و بەوەش کۆی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە 41 هەزار و 496 حاڵەت.
جەهانپوور خۆشحاڵیی دەربڕی لەوەی کە تا ئێستا 13911 هاووڵاتیی تووشبووی کۆرۆنا تەدروستییان جێگیرە و لەو ڤایرۆسە ڕزگار بوون.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕوونیشی کردەوە کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 117 هاووڵاتیی تووشبوی کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە و کۆی مردووان بە هۆی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە 2757 کەس.
شایانی باسە ڕۆژی شەمە وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە ڕێنماییێکی نوێدا کۆمەڵێک قەدەغەی هاتوچۆ و دەرچوون لە ماڵ و گەشتکردنی دەرکرد و ڕایگەیاند ئەرکی سەرشانی هەموو هاووڵاتییانە کە گوێبیستی ڕێنمایییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بن و ئەوەی سەرپێچی لە ڕێنمایییەکان بکات سزا دەدرێت.
لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران و لەوان لە پارێزگای کوردستانیش ڕێنمایییەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئێران جێبەجێ دەکرێت و سەرهەنگ عەباس مەسعوودی بریکاری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کوردستان لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی پڕۆژەی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی کە ئەنجومەنی وەزیران و ژووری کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاندووە، بە هاووڵاتییانی ڕادەگەیێنین کە ڕۆژانی 12 و 13ی خاکەلێوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە چوونکە چوونە دەرەوە لە شار قەدەغەیە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment