کوردپرێس:
عیماد باجه‌لان له لێدوانێکدا به پێگه‌ی "شه‌فه‌ق نیووز"ی ڕاگه‌یاند: تا ئه‌م ساته هیچ جۆره گفتوگۆ و دانووستانێک له نێوان لایه‌نه کوردییه‌کان و ته‌نانه‌ت سوننه‌کانیش له‌گه‌ڵ عه‌دنان زورفی سه‌رۆک وه‌زیری ڕاسپێردراو له‌باره‌ی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی عێراق نه‌کراوه.
په‌رله‌مانتاره‌که‌ی پارتی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کرد که لایه‌نه کوردی و سوننه‌کان بۆ ده‌ستپێکردنی دانووستانه‌کان له‌گه‌ڵ زورفی چاوه‌ڕێی بڕیاری سیاسیی ناو ماڵی شیعه‌کان ده‌که‌ن به‌ڵام هێشتا شیعه‌کان نه له‌سه‌ر زورفی ڕێککه‌وتوون نه جێگره‌وه‌شیان بۆ ده‌ستنیشان کردووه.
پێشتریش فازڵ فه‌تلاوی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانیی فه‌تح ئاشکرای کردبوو که لیژنه حه‌وت که‌سییه‌که‌ی هێزه شیعییه‌کان شکستیان هێناوه له‌وه‌ی شوێنگره‌وه‌یێک بۆ زورفی بدۆزنه‌وه .
له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه ئێواره‌ی چوارشه‌ممه دیار به‌رواری ئه‌ندامی پارتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی عێراق (واع)ی ڕاگه‌یاند: عه‌دنان زورفی سه‌رۆک وه‌زیری ڕاسپێردراو له‌باره‌ی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی عێراق ده‌یهه‌وێت سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان بکات و بۆ تاوتوێ‌کردنی داواکاریی کورد له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم دیدار و دانووستان بکات.
لێدوانه‌کانی عیماد باجه‌لان له حاڵێکدایه که سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین ئه‌ندامی فراکسیۆنی ئاینده له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به هه‌واڵده‌ریی (واع)ی ڕاگه‌یاندبوو که نوێنه‌ری سه‌رجه‌م حیزبه کوردستانییه‌کان جگه له پارتی و یه‌کێتی درێژه به دانووستانه‌کانیان له‌گه‌ڵ زورفی ده‌ده‌ن و جه‌ختی کرده‌وه: ته‌وه‌ری گفتوگۆی لایه‌نه کوردستانییه‌کان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر چه‌ندین بابه‌ته له‌وان پێبه‌ندیی به بڕگه‌کانی ده‌ستوور له‌وان ماده‌ی 140 (ماده‌یێکی هاوپه‌یوه‌ند به دیاری‌کردنی ناوچه کێشه‌له‌سه‌ره‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ)، پابه‌ندبوون به پێدانی مووچه‌ی هاووڵاتییانی هه‌رێم و ئاوڕدانه‌وه له‌وان وه‌ک هاووڵاتییێکی عێراق به‌دوور له کێشمه‌کێشمی سیاسی و نه‌وتی.
شایانی باسه؛ زورفی له ڕۆژی ڕاسپاردنییه‌وه ٣٠ ڕۆژی له به‌رده‌مدایه بۆ ئه‌وه‌ی پێکهاته و کارنامه‌ی حکوومه‌ت ته‌واو بکات و ڕاده‌ستی په‌رله‌مانی بکات بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناوبراو له‌لایه‌ن به‌شێک له هێزه سیاسییه شیعییه دیاره‌کان له‌سه‌روویانه‌وه هاوپه‌یمانیی فه‌تح به سه‌رۆکایه‌تیی هادی عامری و ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆکایه‌تیی نووری مالیکییه‌وه ره‌ت ده‌کرێته‌وه بۆیه له‌به‌دیهێنانی ئه‌و ئه‌رکه‌یدا ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی قورس ده‌بێته‌وه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment