پارێزگاری کوردستان: ڤایرۆسی کۆرۆنا ته‌نها به‌ هاوکاریی خه‌ڵکه‌وه‌ بنبڕ ده‌کرێت

به‌شی کوردستان- پارێزگاری کوردستان گوتی: هه‌وڵی سه‌رجه‌م داموده‌زگاکان به‌تایبه‌ت کادێری پزیشکیی نه‌خۆشخانه‌کانی زانستیی پزیشکی بۆ له‌ناوبردنی کۆرۆنا و پاراستنی سه‌لامه‌تیی هاووڵاتییان به‌بێ هاوکاریی خه‌ڵک و ئاوڕدانه‌وه‌یان له‌ ڕێنماییه‌کان مومکین نابێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 6ی خاکه‌لێوه‌ی 1399 به‌همه‌ن مورادنیا له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌ست‌پێکردنی مانۆڕی به‌رگریی بیۆلۆژیکیی شه‌هیدانی پارێزه‌ری سه‌لامه‌ت له‌ یاریگای 22ی گوڵانی سنه‌ ده‌ستخۆشی له‌ خزمه‌تگوزاری و هه‌وڵی بێ‌بڕانه‌وه‌ی داموده‌زگاکان به‌تایبه‌ت زانکۆی زانسته‌ پزیشکییه‌کان و کادێری ده‌رمان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا کرد و گوتی: له‌م قۆناغه‌دا که‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگاکان له‌وان سوپا هاوکاری ده‌که‌ن داوا له‌ خه‌ڵک ده‌که‌ین که‌ ڕێنماییه‌کان ڕچاو بکه‌ن و هاوکارمان بن.

پارێزگاری کوردستان هۆی گوزه‌رکردن له‌ قه‌یرانی کۆرۆنای به‌ هاودڵیی نێوان خه‌ڵک و داموده‌زگاکان وه‌سف کرد و زیادی کرد: پێش له‌ هه‌موو داموده‌زگاکان ده‌بێ خودی خه‌ڵک هه‌وڵ بده‌ن و ڕێوشوێنێکی گونجاوتر بۆ پێشگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌که‌ به‌کار بێنن که‌ گرینگترین هۆکار بۆ پچڕانی زنجیره‌ی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌که‌ مانه‌وه‌یه‌ له‌ ماڵ.

پارێزگاری کوردستان جه‌ختی کرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر بڕیار بێ هه‌مووان هه‌وڵ و ته‌قه‌لا بده‌ن به‌ڵام که‌سانێک ئاوڕ له‌م بابه‌ته‌ نه‌ده‌نه‌وه‌ ناتوانین ئه‌م ڤایرۆسه‌ بنبڕ بکه‌ین هه‌ر بۆیه‌ کاتێک هه‌وڵه‌کانمان کاریگه‌ری ده‌بێت که‌ خه‌ڵک ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان له‌به‌رچاو بگرن.

مورادنیا داواشی له‌ خه‌ڵک کرد که‌ دووره‌په‌رێزی له‌ کۆبوونه‌وه‌کان و شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌کان بکه‌ن و ئه‌م نه‌خۆشینه‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگرن.

پارێزگاری کوردستان وه‌بیریشی هێنایه‌وه‌: سوپا وه‌ک هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو کاره‌ساته‌کان وه‌ک شه‌ڕ، لافاو و بوومه‌له‌رزه‌ پێشه‌نگ بووه‌ و ئه‌مڕۆکه‌ش له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدایه‌ و وێڕای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا یارمه‌تیی ئابووری به‌ بنه‌ماڵه‌کانی په‌راوێزی شار به‌خشیوه‌ که‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سوپا جێگای ده‌ستخۆشانه‌ی هه‌یه‌.

پارێزگاری کوردستان جه‌ختی کرد له‌سه‌ر دروشمی ئه‌مساڵی ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران که‌ به‌ ساڵی "هه‌ڵبه‌زینی وه‌به‌رهێنان" ناوی لێنرا و گوتی: هه‌موومان ده‌بێ پاش گوزه‌رکردن له‌ قه‌یرانی کۆرۆنا، هه‌وڵه‌کانمان بۆ ڕه‌ونه‌ق و هه‌ڵبه‌زینی وه‌به‌رهێنان له‌ پارێزگا و گه‌شه‌سه‌ندنی ناوچه‌که‌ چڕ بکه‌ینه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا فه‌رمانده‌ی سوپای به‌یتولمه‌قه‌ده‌سیی کوردستانیش باسی له‌ ئه‌نجامدانی هه‌نگاوه‌کان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا کرد و گوتی: ئه‌مڕۆ چه‌ندین ناوچه‌ی شاری سنه‌ له‌وان شه‌قامی تاڵه‌قانی، مه‌یدانی ئازادی، فڕۆکه‌خانه‌، ترمیناڵ و چه‌ندین شوێنی دیکه‌ ده‌رمانڕێژ ده‌کرێن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 158097

Your Comment

You are replying to: .
captcha