کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەمە 6ی خاکەلێوەی 1399 بەرانبەر بە 25ی مارچی 2020 کەیانووش جەهانپوور وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 2206 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمار کراوە و بەوەش دوا ئاماری تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە 27017 کەس.
جەهانپوور گوتیشی تا ئەم کاتە 9625 کەس کە تووشی کۆرۆنا هاتبوون چارەسەریان بۆ کراوە و تەندروستییان جێگیر بووە.
هەر لە ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ئێراندا ئاماژە بەوەش کرا کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 143 هاووڵاتیی ئێرانی بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە و بەو پێیەش دوا ئاماری مردوودان بە هۆی کۆرۆناوە گەیشتە 2077 کەس.
شایانی باسە ئێران بڕیاری توندکردنی قەدەغەکانی لە بەردەستدایە و حەسەن ڕۆحانی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراندا ڕایگەیاند پێویستە ڕێوشوێنی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی شوێنە گشتییە ناپێویستەکان توندتر بکرێت و بەو مەبەستەش پڕۆژەیێک لە ئەنجومەنی وەزیران ئامادە کراوە کە دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و بە پێی پڕۆژەکە پێویستە هەموو هاووڵاتییان لە شوێنە گشتییەکان تا مەودای دوو مەتر لێک دوور بکەونەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment