بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا وتی لە دوێنێوە سێ هەزار و 565 هاوڵاتی لەسەرانسەری تورکیادا پشکنینیان بۆ ئەنجام دراوە و ئەنجامی 311 کەسیان پۆزەتیڤ بووە و هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون.
ناوبراو ئاماژەشی بەوەدا، "لە 24 کاتژمێری رابردوودا 5 تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە، بەوەش ژمارەی گیان لەدەست دان بەوهۆیەوە بۆ 9 حاڵەت زیادی کردووە".
بەوپێیەش ژمارەی تووشبووان لە 359 کەسەوە بۆ 670 حاڵەت زیادی کرد، پێشبینیش دەکرێت تەشەنەکردنی کۆرۆنا لە تورکیا لە ئیتاڵیا خێراتر بێت.
میکایل تانچوم، پسپۆڕی پلە باڵا لە پەیمانگای ئەورووپی بۆ سیاسەتی بەرگری لە ڤیەننا دەڵێت "ئامارەکان لە تورکیا ترسێنەرن، بەو شێوەیە بڕوات ژمارەی تووشبووان لە تورکیا لەماوەیێکی کەمی داهاتوودا هەڵدەتۆقێت".
تانچوم لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر بە گراف، بەراوردی ئامارەکانی تورکیا و ئیتاڵیا کردووە، بەگوێرەی شیکردنەوەکەی ئەو، هەڵکشانی ژمارەکان لە تورکیا هاوشێوەی ئیتاڵیا و " تەنانەت رێژەری تەشەنەی تورکیا زیاتر دەبێت لە ئیتاڵیا".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment