سەرۆكی هەرێم: ئامادەین هاوکاریی عێراق بکەین بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردییەوە پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاندووە، نەورۆزی ئەمساڵ لە دۆخێكی سەختدا دێتەوە كە هەرێمی كوردستانیش وەك زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕووبەڕووی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە بۆتەوە و بە هەموو ئەمانەوە ئامادەین هاوکاریی عێراق بکەین بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.

کوردپرێس:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، نەورۆز جەژن و هێمای سەركەوتنە و دەبێ وەك هەمیشە هێز و ورەمان بداتێ. بە پابەندی و هاوكاریی هاووڵاتییان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان، ئەم سەختییەش تێدەپەڕێنین و سەردەكەوین.

دەقی پەیامەكە:

كوردستانییانی خۆشەویست..

بە گەرمی پیرۆزباییی جەژنی نەورۆز و ساڵی تازەی كوردی له خێزانی سەربەرزی شەهیدانی كوردستان و تەواوی گەلی كورد و كوردستانییان لە هەر كوێ بن و هەموو ئەو گەل و میللەتانە دەكەم كە جەژنی نەورۆز دەگێڕن.

لەم بۆنەیەدا دەمەوێ بەتایبەتی پیرۆزباییی جەژنی نەورۆز و سوپاس و دەستخۆشی لە تەواوی تیمە پزیشكی و تەندروستییەكان و پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و پێشمەرگە و كارمەندانی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان و هەموو ئەو لایەنە پەیوەندارانە بكەم كە لە ڕیزی پێشەوەدا بەرەنگاری پەتای كۆرۆنا و مەترسییەكانی بوونەتەوە، بۆ ئەوەی گیانی هاووڵاتییان بپارێزن. ئەوان بۆ پاراستن و ڕزگاركردنی ئێمە لەسەر كارن و ئێمەش بۆ هاوكاریی هەمووان، دەبێ لە ماڵ بمێنینەوە.

نەورۆزی ئەمساڵ لە دۆخێكی سەختدا دێتەوە كە هەرێمی كوردستانیش وەك زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕووبەڕووی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە بووەتەوە. لەم دۆخەدا دەبێ هەموومان پابەندی ڕێنماییەكانی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بین.

نەورۆز جەژن و هێمای سەركەوتنە و دەبێ وەك هەمیشە هێز و ورەمان بداتێ. بە پابەندی و هاوكاریی هاووڵاتییان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان، ئەم سەختییەش تێدەپەڕێنین و سەردەكەوین. لە كۆنەوە گەلی كورد و كوردستانییان به گەشت و سەیران و كردنەوەی ئاگری نەورۆز ڕاهاتوون، بەڵام بۆ ئەم ساڵ و لەبەر ئەم دۆخە، با هەموومان پابەند بین و لە ماڵ بمێنینەوە. با بە داگیرساندنی مۆمێك لە ماڵ ئاگری نەورۆز بكەینەوە و هیوای سەركەوتن و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بخوازین، گەشت و سەیران، بۆ دوای تێپەڕاندنی سەختییەكان بن.

هاووڵاتییانی ئازیز..

چ بۆ ئەو دۆخەی بەهۆی پەتای كۆرۆنا و لێكەوته هەمەلایەنەكانییەوە هاتووە و دێتە ئاراوە، چ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخ و پێشهاتە سیاسییەكانی عێراقیش بێت، هەرێمی كوردستان دەبێ تەبایی و یەكڕیزی و كاری پێكەوەیی و ئەوپەڕی هاوكاری و هەماهەنگی لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا بپارێزێت. هەمووان بە گیانێكی بەرپرسانەی نیشتمانییانە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی كوردستان بجووڵێنەوە، ئێمەش لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەسەر كاركردن بۆ ئەم ئامانجە بەردەوام دەبین.

لەسەر ئاستی عێراقیش دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە هاوكار دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی وڵات و دروستكردنی سەقامگیری و سازانێكی سیاسی لە عێراق، پشتگیریش لە حكوومەتێك دەكات كە داوا و مافە ڕەواكانی گەل و پێكهاتەكانی عێراق دەستەبەر بكات و تایبەتمەندی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش بپارێزێت.

جیهان ئێستا بەهۆی كۆرۆناوە بە دۆخێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت. ئەو پەتایە ژیانی مرۆڤی لەڕووی تەندروستی و ئابوورییەوە خستووەتە دۆخێكی یەكجار چاوەڕواننەكراوەوە كە تێپەڕاندنی پێویستی بە لێكگەیشتن و هاوكاری و هەماهەنگییەكی گەورەی جیهانییە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان هەرچی زووە ڕۆڵی خۆیان لەپێناو كەمكردنەوەی زیانەكانیدا بگێڕن، هەرێمی كوردستانیش هاوكار دەبێت.

خوای مەزن كوردستان و كوردستانییان و تەواوی گەلانی جیهان بپارێزێت. جەژنی نەورۆز لە هەمووتان پیرۆز بێت، هیوادارم جەژن و بۆنەكانی داهاتوو لە كەش و دۆخێكی باشتردا بكەینەوە.

News Code 158021

Your Comment

You are replying to: .
captcha