بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری باشوور و رۆژئاوای کەرکووکی هێزی پێشمەرگە کوردستان، بە "ناس کورد"یی راگەیاندووە، هەوڵەکان بۆ رێککەوتن و گەڕانەوەی کوردانی ئاوارە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و یەکەم هەنگاویش لە شنگالەوە دەستی پێکردووە و دواتر کەرکووک، خانەقین و ناوچەکانی دیکەش دەگرێتەوە و پێشمەرگەش دەگەڕێتەوە سەرجەم ئەو ناوچانەی پێشتر تێیدا بووە.
لەبارەی مەرجی پارتی کە پێشتر باسی کردبوو تاوەکوو دۆخی کەرکووک لە رووی سەربازییەوە ئاسایی نەکرێتەوە ناگەڕێنەوە ئەو پارێزگایە، نووری حەمە عەلی کە ئەندامی سەرکردایەتی پارتییە، وتی: "گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی خەڵکی ئەو ناوچانەیە بەبێ جیاوازی و مەرجی پارتیش بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە بووە تاوەکوو ئاوارەکانیش بتوانن بگەڕێنەوە و سەر و ماڵیان پارێزراو بێت، جگە لەوەش بۆ هەر شوێنێک پێویست بێت هێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment