کوردپرێس: بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكات، كە لە هەڵمەتی هاوكاری كردنی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و خەڵكی هەژار و كەمدرامەت بەشدارن.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆكی حكوومەت بڕیاری دا مووچە و شایستە داراییەكانی خۆی بە هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هاوكاری كردنی هاووڵاتییانی كەمدەرامەت ببەخشێت".
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر ئەركی چەند سەرمایەدار و خێرخوازان نەخۆشخانەی (ئاسا) لە سلێمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دروست كرا و بڕیارە لە هەڵەبجە و گەرمیان و هەولێریش بەهەمان شێوە سەرمایەداران نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری كۆرۆنا دروست بكەن.
هاوكات، هاوسەرۆكایەنی یەكێتی (بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) بڕیاریان دا ئەركی دروست كردنی نەخۆشخانەكەی هەڵەبجە بگرنە ئەستۆ و هاوكاری نەخۆشخانەكەی كەلار بكەن و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بینای حزبەكەی لە سلێمانی كرد بە نەخۆشخانەی كۆرۆنا و پێداویستیە پزیشكییەكانیشی بۆ دابین كرد.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment