ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕێگه‌ی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە کۆ بوونەوە

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له‌ ڕێگه‌ی ڤیدیۆ کۆنفڕانس و به‌ سه‌رۆکایه‌تیی مه‌سروور بارزانی کۆبوونه‌وه‌یێکی تایبه‌ت به‌ جێبه‌جێ‌کردنی ڕێکاره‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کۆرۆنا به‌ڕێوه‌ چوو.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 17ی 3ی 2020 مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌یێكی كرد تایبه‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی جێبه‌جێ كردنی ڕێكاره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پلانی ‌‌حكوومه‌ت بۆ دابین كردنی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خه‌ڵک له‌ خۆراک و ده‌رمان و سووته‌مه‌نی و شمه‌كی ڕۆژانه‌ و هه‌روه‌ها دۆخی ئابووری هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتی و له‌ چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کانیش كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفڕانسه‌وه‌ ئه‌نجام درا.

له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و ژماره‌یێک له‌ وه‌زیره‌کان به‌شدار بوون، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ناوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ سوپاسی خۆڕاگریی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی كرد و داواشی لێكردن كه‌ بۆ پاراستنی ژیان و سه‌لامه‌تیی خۆیان به‌رده‌وام بن له‌ هاوكاریی و پابه‌ندبوون به‌ ڕێكار و ڕێنماییه‌كان.

هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌موو وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تیشی كرد و ڕۆڵی هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ و پزیشک و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانی ته‌ندروستی به‌رز نرخاند له‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا. هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌موو ئه‌و خاوه‌ن موڵک و سه‌رمایه‌دارانه‌ی كرد كه‌ به‌ ده‌نگ بانگه‌وازی سه‌رۆكی حكوومه‌ته‌وه‌ هاتوون و ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ بۆ پێشكه‌ش كردنی ئاسانكاریی پێویست بۆ سووككردنی بارگرانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ زه‌ره‌مه‌ند بوون له‌ ئه‌نجامی جێبه‌جێ كردنی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی و هه‌روه‌ها پێشكه‌شكردنی هاوكاریی دارایی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا كه‌ هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی پیتاک و هاوكاریی دارایی هه‌ڵمه‌تێكی نیشتمانی بێت و له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتیی ڕاسته‌وخۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بێت و دواتر داهاته‌كه‌ی به‌ شێوه‌یێكی ڕوون و دادپه‌روه‌رانه‌ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كان خه‌رج بكرێته‌وه‌ له‌پێناو پڕۆژه‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌ستپێكراون، له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ نیشتمانییه‌دا كۆ ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها داواشی له‌ حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی و ئابووری و ناوخۆ و كاروباری پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگای ئاسایش ڕاسپێردران له‌ نزیكترین ده‌رفه‌تدا میكانیزمی گونجاو بدۆزنه‌وه‌ بۆ خه‌رجكردنی مووچه‌ و به‌تایبه‌تی مووچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ به‌ مه‌رجێک ڕه‌چاوی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی بكرێت له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی جێبه‌جێ كردنی یاسای چاكسازی، دارایی گشتی ڕێكده‌خرێته‌وه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی خزمه‌تکردنی هاووڵاتییان و دابین كردنی بژێویان و خه‌رجییه‌ گشتییه‌كانیش كه‌م ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

هه‌روه‌ها بڕیار درا كه‌ په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی به‌رده‌وام بێت له‌پێناو دابین كردنی شایسته‌ی دارایی و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا به‌م زووانه‌ كۆبوونه‌وه‌یێكی تایبه‌ت به‌ نه‌وت و گاز ئه‌نجام بدرێت به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێ كردنی ده‌رفه‌ته‌كانی ڕێكخستنه‌وه‌ی داهات و خه‌رجییه‌كانی نه‌وت و گاز به‌ ڕه‌چاوكردنی بارودۆخی دارایی و لێکه‌وته‌ داراییه‌ نه‌رێنییه‌کانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌ جیهانییه‌كان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 157978

Your Comment

You are replying to: .
captcha