کوردپرێس: لە پەیامێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 32 ساڵ بە سەر کیمیاباران کردنی هەڵەبجەدا، بەرهەم ئەحمەد ساڵح باسی لەوە کرد کە 32 ساڵ پێش ئێستا ڕژێمی سەدام تاوانێکی گەورەی به چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو دژ بە گەلی کوردستان ئەنجام دا کە بەھۆی ئەو تاوانە قێزەونە کە به‌رامبه‌ر به هاووڵاتییانی شاری هه‌ڵەبجه‌ی شه‌هید ئه‌نجام درا زیاتر لە پێنج ھەزار مرۆڤی بێ‌تاوان بوونه قوربانی و بە ھەزارانی دیکە بریندار بوون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە: "هەڵەبجە بووە ناسنامەی گەلێكی چەوساوە و پێناسەی ڕژێمێکی تاوانباری مرۆڤكوژ، هەڵەبجە بووە داستانی مرۆڤایەتی دژ بە زۆرداری."
ئەمڕۆ 16ی ئازار 32 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعس تێدەپەڕێت کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی شارەکە و بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕووداوەش ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا هیچ رێوڕەسمێک بەڕێوە ناچێت.
سەرۆک کۆماری عێراق لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت: له كاتێكدا یادی ئه‌م بۆنه خه‌مناكه دەكهینهوه کە پەندەكانی ھەڵەبجە و چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان ئەوەیە زوڵم تا سەر نابێت، زاڵم بە ھەمان چارەنووسی سەدام و ھاوکارەکانی کۆتایی دێت، مافی گەلان بە زەبری هێز و داپلوسین لە ناو نابرێت، به‌توندی پێداگیری له‌وه ده‌كه‌ین كه خزمه‌تكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی خۆشه‌ویست ئه‌ركی هه‌موانه و پێویسته هه‌موو لایێکمان له سارێژكردنی برینه‌كانی خه‌ڵک و قوربانییەکانی ئه‌م شاره ئازیزە کەمتەرخەمی نه‌كه‌ین و چاره‌سه‌ری برینداره‌كانی ئه‌م كاره‌ساته بكرێت و خزمه‌تگوزارییه پێویست و بنه‌ڕه‌ته‌كان بۆ خه‌ڵكه تێكۆشه‌ره‌كه‌ی دابین بكرێت.
ناوبراو ئەوەشی خستووەتەڕوو: له كاتێكدا یادی 32 ساڵه‌ی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌ینه‌وه کە عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه به قۆناغێكی گرنگ و هه‌ستیاردا تێپه‌ر دەبێت، پێویسته ئه‌م بۆنه‌یه هانده‌ر بێت بۆ یه‌كڕیزیی زیاتری هێزه نيشتمانی و ئازادیخوازه‌كانی گه‌لی كوردستان و عێراق له‌پێناو چەسپاندنی مافە دیموکراتییەکانی خەڵک و ڕێگرتن لە سەرھەڵدانەوەی چەوسانەوە.
کۆدی هەواڵنێر: ٦۰۱۰۳
Your Comment